کوژرانی دڵتەزێنی ژنێکی لاو لەلایەن هاوژینەکەی لە پیرانشار

٢٧ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٢:٢٥

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

ژنێکی لاوی خەڵکی پیرانشار بەنێوی لەیلی پایموزد کە لە یەکێک لە خانەباخەکانی نزیکی ئەو شارە لەلایەن هاوژینەکەیەوە ئاگری تێبەر درابوو، دوای چوار ڕۆژ گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١٦ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، لەیلی پایموزد، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "خورینج" سەر بە شاری پیرانشار بەهۆی سووتانەوە (سەرووی ٩٠٪) لە یەکێک لە نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ئورمیەدا گیانی لەدەستدا.

ئەو ژنە قوربانییە کە دایکی دوو منداڵی کچ بووە، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردان لەلایەن هاوژینەکەی، موراد ڕەسووڵ ڕەوەندە لە باخی شوێنی کارەکەیان بە ڕشتنی بەنزین بەسەریدا ئاگر درا.

ئەو ژن و مێردە پێشتر پێکەوە ناکۆکییان بووە و لەیلی پایموزد لەم دواییانەدا دوای چەند مانگ گەڕانەوە بۆ ماڵی دایک و باوکی، بە نێوانگیریی ڕیش سپییەکان گەڕابووەوە بۆ لای هاوژینەکەی.

تاوانبار دوای کوشتنی هاوژینەکەی، تەرمە سووتاوەکەی لە بەردەمی ماڵی دایک و باوکی ناوبراو بەجێ هێشتووە و بۆ خۆی هەڵاتووە. تەرمی قوربانی لەلایەن کەسوکارەکانییەوە بە هەلیکۆپتەر بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ئورمیە گواسترابووەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە