خاف؛ دەستبەسەرکرانی چوار چالاکی مەزهەبیی سوننە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە

٢٧ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٣:٣٧

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

چوار چالاکی مەزهەبی سوننە و لە مامۆستایانی ناوەندی زانستیی ئەحنافی شاری خاف سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی بە ناوەکانی مەولەوی شەمسەددین موتەهەری، مەولەوی گوڵمحەممەد مەنسووری، مەولەوی حوسێن ئەحمەد شەهیدی و مەولەوی فازڵ مورادی لە کاتی گەڕانەوە لە ئورمیە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١٢ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، لانی کەم چوار کەس لە مامۆستایانی ناوەندی زانستیی ئەحنافی شاری خاف بە ناوەکانی مەولەوی شەمسەددین موتەهەری (بەڕێوەبەری ناوەندەکە)، مەولەوی گوڵمحەممەد مەنسووری، مەولەوی حوسێن ئەحمەد شەهیدی و مەولەوی فازڵ مورادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی جیهانیی کەلیمە کە هەواڵە پەیوەندیدارەکان بە سوننە مەزهەبەکانی ئێران ڕووماڵ دەکات، ئەو چوار چالاکە مەزهەبییە لە کاتی گەڕانەوە لە ئورمیە دەستبەسەر کراون. بەڵام ئاماژەیەکی تایبەت بە شوێنی دەستبەسەرکران و ئەو ناوەندەی دەستبەسەری کردوون نەکراوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو چوار چالاکە مەزهەبییە و هەروەها چارەنووسیان زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە