بەندیخانەی نەغەدە؛ سابر ئیسماعیلی، عەبدوڵڵا قەنبەری وەند و مەحمود قەنبەری وەند لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە گۆڕینی سزا ئازاد کران

١٩ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ٢٣:٣٣

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

مەحمود قەنبەری وەند و عەبدوڵڵا قەنبەری وەند، دوو برای خاوەن پێداویستیی دایبەت و بەندکراوێکی سیاسی دیکەی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی سابیر ئیسماعیلی لە کاتی تێپەڕاندنی ماوەی بەندکرانەکەیان، بە گۆڕینی سزای بەندکران بۆ رای باز لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە ئازاد کران. ئەم سێ بەندکراوە لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بوون. 
 
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٩ی مارسی ٢٠٢٥)، عەبدوڵڵا قەنبەری وەند تەمەن ٥١ ساڵە و مەحمود قەنبەری وەند تەمەن ٤٨ ساڵە، دوو برای خاوەن پێداویستیی تایبەت و خەڵکی شاری پیرانشار لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە ئازاد کران. 
 
هاوکات، سابیر ئیسماعیلی بەندکراوی دیکەی سیاسی کورد دوای تێپەڕکردنی ٩ مانگ بەندکران بە گۆڕینی بەندکرانەکەی بۆ ڕای باز لەم بەندیخانەیە ئازاد کرا. 
 
سابیر ئیسماعیلی پێشتر لەلایەن لقی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە دادوەری قازی ئاجاقلو بە ٤ ساڵ و حەوت مانگ بەندکران سزا درابوو. 
 
مەحمود قەنبەری وەند و عەبدوڵڵا قەنبەری وەند، هەر یەکیان دوای تێپەڕاندنی ١٨٣ ڕۆژ بەندکران لە بەندیخانەی شاری نەغەدە ئازاد کران. 
 
ئەو دوو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای ٣٦ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران و هەر یەک سەرجەم سزای شەش ساڵ و حەوت مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، سەختترین سزا واتە سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانیان بۆ جێبەجێ دەکرێت و یەک لەسەر سێی ئەو سزایە بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵپەسێردراوە. 
 
شایانی باسە کە، ئەو دوو هاووڵاتییە پێشتر بە سازکردنی کۆکتەل مۆلۆتۆف و چەک تۆمەتبار و دەستبەسەر کرابوون و سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو کە بەهۆی نەبوونی بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتە، سزاکەیان ڕەت کرایەوە بەڵام لە ئاکامدا بە تۆمەتگەلی دیکەی وەکوو کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی و ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای شەش ساڵ و حەوت بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرایەوە و ئێستا بەمەبەستی جێبەجێکرانی ئەو سزایە دەستبەسەر کراون. 
 
بەپێی سزایەک کە لە ڕێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ بە شێوەی فەرمی بەو دوو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرابوو، عەبدوڵڵا قەنبەری‌وەند لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی پیرانشار بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا قارەمانی ساعەتلوو بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە سازکردنی ٢٠ ماددەی ئاگرینی کۆکتەل مۆلۆتۆف" سزای ٦ مانگ و پێبژاردنی دوو ملیۆن ڕیال بۆ سندووقی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەسەردا سەپێندرابوو. 
 
هەروەها مەحموود قەنبەری‌وەند لە لایەن هەمان دادگا و بە تۆمەتی "سەرپەرشتیی سازکردنی یەک قەبزە چەکی ساچمەیی" سزای ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران، بە تۆمەتی "سەرپەرشتیی سازکردنی دوو قەبزە چەکی دەست‌سازی جەنگی" سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران، بە تۆمەتی "سەرپەرشتی لە ڕاگرتنی سێ دەنک گوللەی جەنگی" سزای سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە سازکردنی ٢٠ ماددەی ئاگرینی دەست‌سازی کۆکتەل مۆلۆتۆف" سزای ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، سەختترین سزا واتە سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرا کە ئەو سزایەش بە یەک پلە داشکاندن بۆ ٤ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە و یەک لەسەر دووی ئەو سزایە هەڵپەسێردراو بوو. 
 
ئەو دوو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ لە ئەنجامی هێرشی نزیکەی ٢٥ کەس لە هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەیان لە پیرانشار دەستبەسەر کران و سەرەتا بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترانەوە. ئەو هێزانە هاوکات لەگەڵ سازکردنی کەشی ترساندن بۆ ئەو بنەماڵە دەستیان بەسەر مۆبایلی ئەندامانی ئەو بنەماڵەیەدا گرتبوو. 
 
عەبدوڵڵا و مەحموود قەنبەری‌وەند لە کاتی لێپرسینەوەیان لە دەستبەسەرگەی ئورمیە، بەمەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ بە سەختی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجە درابوون و دواتر بە دانانی بارمتەی قورسی ١٥ ملیار تمەنی و هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرابوون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە