پیرانشار؛ ئازادبوونی جەماڵ عەلیزادە، لە بەندکراوانی بزووتنەوی "ژن ژیان ئازادی"
هەنگاو؛ شەممە ٢٢ی بەفرانباری ٢٧٢٤
جەماڵ عەلیزادە، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری پیرانشار و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" دوای تەواوبوونی ماوەی ٢٣ مانگ بەندکرانەکەی، ئازاد کرا. ئەم بەندکراوە نیوەی ماوەی سزاکەی لە ژێر چاودێری پێبەندی ئەلیکترۆنێکی و بە شێوەی ڕێگا باز لە دەرەوەی بەندیخانە تێپەڕاندووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١٠ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، جەماڵ عەلیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار دوای تێپەڕکردنی سزای ٢٣ مانگ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە و نیوەی ئەو سزایە لە دەرەوەی بەندیخانە لە ژێر چاودێری پێبەندی ئەلیکترۆنێکی بوو، ئازاد کرا.
جەماڵ عەلیزادە خاکەلێوەی ٢٧٢٣، لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئۆجاقلوو" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ میدیاکانی دژی حکوومەت" سزای ٣٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەم سزایە لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ٢٣ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.
ناوبراو لە کۆتاییدا ڕۆژی سێشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای بانگکرانی بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای پیرانشار دەستبەسەر و بەمەبستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترابوویەوە.
سزای بەندکرانی ئەم هاووڵاتییە دوای تێپەڕاندنی نیوەی سزاکەی بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەری لە بەندیخانەی ناوەن.دیی نەغەدە، بە ڕەزامەندی دادگا بۆ ڕای باز گۆڕدرا و ئەو ماوەیە لە سزاکەی کە مابوو لە ژێر چاودێری پێبەندی ئەلیکترۆنێکی لە دەرەوەی بەندیخانە تێپەڕ کرد.
جەماڵ عەلیزادە ئێوارەی سێشەممە ٢٦ ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان لە پیرانشار دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لە کۆتاییدا ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ دوای ٤ مانگ دەستبەسەکران، بە دانانی بارمتەی ٣ ملیاری بە شێوەیەکی کاتیی و تا کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرابوو