ژنکوژی؛ کوژرانی ژنێکی گەنج لەلایەن هاوژینەکەی لە بەندەرعەباس و ئاگردانی تەرمەکەی

٢٨ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٢١:٥٠

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

ژنێکی گەنج بە ناوی ئەسما پیشدار لە شاری بەندەرعەباس، ناوەندی پارێزگای هورمزگان، لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا و تەرمەکەی ئاگر دراوە. بکوژ هۆکاری کوشتنی هاوژینەکەی بە "کێشەی خێزانی" نێو بردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١١ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، ئەسما پیشدار، تەمەن ٢٧ ساڵ لە گەڕەکی سێ ڕای بەرقزەنەی بەندەرعەباس لەلایەن هاوژینەکەیەوە خنکێندراوە. دواتر بکوژ بەهۆی ئەوەیکە مردنی هاوژینەکەی بە ئاگرگرتنی ماڵەکەیان نیشان بدات، ماڵەکەی ئاگر داوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بکوژ دوای کوشتنی هاوژینەکەی لەگەڵ منداڵەکەی هەڵاتووە و پێنج کاتژمێر دوای ڕوودانی ئەو تاوانە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و هۆکاری کوشتنی هاوژینەکەی بە "کێشەی خێزانی" ڕاگەیاندووە.

ژنکوژی بەرزترین پلەی دژایەتی ژنان لە ئاستی کۆمەڵگا پیاوسالارەکاندایە. کۆماری ئیسلامی نە تەنیا بە شێوەیەکی یاسایی و سیستەماتیک هەوڵ نادات پێش بە ژنکوژییەکان بگرێت، بەڵکوو لە شێوەی حکومەتی خۆیدا لە ژنکوژییەکاندا دەستی هەیە و لە ڕێگای یاسا دژەژنانەکانەوە، بێ تێچوو و ئاساییتریان دەکاتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە