بانە؛ گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەکی کورد بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەی تەقەمەنییەکانی شەڕ

٢٨ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٢٣:٠٧
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٤
هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی هادی غونچەدووست خەڵکی شاری بانە، بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەی تەقەمەنییەکانی شەڕ بەسەختی بریندار بوو و دوای گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانی لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١٧ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، هادی غونچەدووست، تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی گوندی "زلە"ی سەر بە شاری بانە بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەی تەقەمەنییەکانی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق گیانی لەدەستدا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هادی غونچەدووست کە باوکی سێ منداڵە، لە کاتی دەستتێوەردانی گوللەی تۆپی شەڕ تووشی ئەو ڕووداوە هاتووە و بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەددین ئەیووبی بانە گواستراوەتەوە و لە ئەنجامدا بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستداوە.