ئەهواز، یاسین مووسەوی، نوێ‌باوەڕێ مەسیحی سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

٢٩ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٣:٥١

هەنگاو، سێشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

یاسین مووسەوی، نوێ‌باوەڕێ مەسیحی دانیشتووی ئیزە سەر بە پارێزگای خوزستان، لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای ١٥ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوە ژن، ژیان ئازادیش بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا، یاسین مووسەوی، نوێ‌باوەڕی مەسیحی لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئەهوازەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر فەتحی‌نیا بە تومەتەکانی وەکوو " ئەندامبوون لە گرووپێک بە ئامانجی تێکدانی ئاسایش"، بانگەشە دژ بە حکومەت، لە ڕێگای بەرەوپێشبردنی ئایینی مەسیحییەوە" ١٥ساڵ سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

یاسین مووسەوی، ڕۆژی ٣ی بەفرانباری ٢٧٢٣، لەگەڵ کۆمەڵێک لە نوێ‌باوەڕانی مەسیحی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری ئیزە دەستبەسەرکراو دوای ٢٠ڕۆژ بۆ بەندیخانەی شیبانی ئەهواز گواسترایەوە.

ئەو هاووڵاتییە لە کۆتاییدا ڕۆژی ١١ی بانەمەڕی ئەمساڵ، بە دانانی بارمەتە بە شێوەی کاتی، هەتا تەواو بوونی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی لە بەندیخانەی شیبانی ئەهواز ئازاد کرا.

یاسین مووسەوی لە مانگی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە کاتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری ئیزە دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمەتە ئازاد کرابوو. ناوبراو پێشتریش بە هۆی چالاکییەکانییەوە دەستبەسەر و سزای بەسەردا سەپێندرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە