کرماشان؛ مامۆستا ئایەت غوڵامی سزای پێنج ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو وشەش مانگ بەندکرانی تەعزیری بەسەردا سەپێندرا

١٦ خەرمانان ٢٧٢٥، ٢٠:٢٦

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٦ی خەرمامانی ٢٧٢٥

مامۆستا ئایەت غوڵامی ، مامۆستای ئایینیی کورد و بەرنوێژی پیشووی مزگەوتی "محەمەدەلمستەفا"ی کرماشان و مامۆستای قوتابخانەی زانستی ئایینی، لەلایەن لقی پێداچوونەوەی دادسەرای تایبەتی مامۆستایانی ئایینی سزای پێنج ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردرا و شەش مانگ بەندکرانی تەعزیری بەسەردا سەپێندرا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی رابردوو، مامۆستا ئایەت غوڵامی لەلایەن لقی پێداچوونەوەی دادسەرای تایبەتی مامۆستایان سزای پێنج ساڵ بەندکرانی هەلپەسێردراو و شەش مانگ بەندکرانی تەعزیری بەسەردا سەپێندرا.

مامۆستا ئایەت غوڵامی پێشتر لە ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ١٧٢٥ (٢٤ی مەی ٢٠٢٥) لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانیەتی هەمەدان بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام، بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی بیروڕایی گشتی و بێرێزی بە حەزرەتی فاتمە" سزای دوو ساڵ بەندکرانی تەعزیری کە یەک ساڵی دەچووە بواری جێبەجێکرانەوە، بەسەریدا سەپێندرابوو.

ئەم مامۆستایە پێشتر لە مانگی بانەمەڕدا لەلایەن لقی کرماشانی دادگای تایبەت بە مامۆستایان بانگکرابوو و لەوێ دەستبەسەر کرابوو.

شایانی باسە، ئەم مامۆستا سوونیە لە ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەری ٢٧٢٤ لە دوای بانگکران بۆ حەراسەتی ناوەندی ڕۆحانیەتی کرماشان و بە پاڵپشتی ناوەندە ئەمنییەکان، مامۆستایەتی و بەرنوێژی کردنی لێ قەدەغەکرابوو.

لە دوای قەدەغەکردنی چالاکییەکانی، ئەم مامۆستایە بە بڵاوکردنەوەی ویدیۆیەک ناڕەزایەتی خۆی بەم سزایە دەربری و هۆشداری دا کە هەموو کۆبوونەوەکانی مزگەوتی محەمەدەلمستەفا لە ژێر چاوەدێری مامۆستایانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەکان بەڕێوە دەچێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە