کرماشان؛ مامۆستا ئایەت غوڵامی، مامۆستای ئایینی کوردی سوننەمەزهەب سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

هەنگاو؛ یەکشەممە ۴ی جۆزەردانی ۲۷۲۵
مامۆستا ئایەت غوڵامی، مامۆستای ئایینی کوردی سوننەمەزهەب و بەرنوێژی پێشووی مزگەوتی محەممەدی مستەفای کرماشان و مامۆستای قوتابخانەی زانستە ئایینییەکان لە لایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی هەمەدان سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۳ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۲۴ی مەی ۲۰۲۵)، مامۆستا ئایەت غوڵامی، مامۆستای ئایینی کورد لە لایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی هەمەدان بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت"، "بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان"، "تێکدانی بیروڕای گشتی" و "سووکایەتی بە فاتمە" سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە ماوەی یەک ساڵ بەندکرانی بۆ ناوبراو جێبەجی دەکرێت.
ئەو سزایە ڕۆژی شەممە ۳ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۲۴ی مەی ۲۰۲۵) بە ناوبراو راگەیێندراوە و بۆ ماوەی ۲۰ ڕۆژ دەرفەتی دەربڕینی ناڕەزایەتی دەبێت.
ئەو مامۆستا کوردە پێشتر لە ڕێکەوتی ۳ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۲۳ی ئەپریلی ۲۰۲۵)، بۆ لقی کرماشانی دادگای تایبەت بە مامۆستایان بانگ کرابوو و لەوێ دەستبەسەر کرابوو.
شایەنی باسە کە، پێشنوێژی و چالاکی لە مزگەوت لە ڕێکەوتی ۱۹ی پووشپەڕی ۲۷۲۴ پاش بانگکرانی ئەو مامۆستا سوننەمەزهەبە بۆ بەشی حێراسەتی ناوەندی مامۆستایانی کرماشان، بە فەرمانی ئەو ناوەندە ئەمنییە بۆ ناوبراو قەدەغە کرا.
ئەو مامۆستایە هەندێک دوای قەدەغەبوونی چالاکییەکانی، لە ڤیدیۆیەکدا وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆی سەبارەت بە سزاکەی ڕایگەیاندبوو کە پێشتر ئاگادار کرابۆوە کە پێویستە سەرجەم وانە و دانیشتنەکانی مزگەوتی محەممەدی مستەفا لەژێر چاودێریی ئەو مامۆستایانەی جێی متمانەی ناوەندە ئەمنییەکانن بەڕێوە بچێت.
مامۆستا ئایەت غوڵامی، هۆکاری قەدەغەبوونی چالاکییەکانی ناڕەزایەتی سەبارەت بە کوشتنی کۆڵبەران و سووتەمەنیبەران، ڕەخنەگرتن لە حکومەت، واژۆکردنی ڕاگەیەندراوەی شەرمەزارکردنی سزای سێدارەی مامۆستا محەممەد خزرنژاد، دەستبەسەرکرانی مامۆستایان و قەدەغەکردنی چالاکییەکانیان ناو بردبوو.