تاران؛ دەستبەسەرکرانی حورا نیکبەخت، مامۆستای زانکۆ و چالاکی مافی ژنان

٣٠ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٢:١٥

هەنگاو؛ چوارشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

حورا نیکبەخت، وەشان‌کار، مامۆستای زانکۆ و لە چالاکانی مافی ژنان حەفتەی ڕابردوو لە تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١٢ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، حورا نیکبەخت، وەشان‌کار و بەڕێوەبەری دەزگای بڵاوکردنەوەی «مەشقی یەکسانی» دوای بانگکران بۆ "شوێنە ئینتزامییەکان" لە تاران دەستبەسەر کرا.

حورا نیکبەخت پێشتر بەڵگەی بانگکرانەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئیکس" بڵاو کردبووەوە و لەو بەڵگەدا هاتبوو کە ناوبراو بە «سووکایەتیکردن بە خامنەیی» و «پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت» تۆمەتبار کراوە.

ئەو مامۆستا و چالاکە ناسراوەی بواری مافەکانی ژنان، دوای بانگکران و دەستبەسەرکرانی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤینی تاران گواستراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە