جەعفەر ئەمینی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی بۆکان دەستبەسەر کرا

٣٠ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٢٣:٤٥

هەنگاو؛ چوارشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

جەعفەر ئەمینی لە بەندکراوانی پێشوو خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە بۆکان دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١٥ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەیی جەعفەر ئەمینی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و لە چالاکانی مەدەنی و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری چوونەتە نێو ماڵی جەعفەر ئەمینی و دوای دەستبەسەرکردنی، ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی جەعفەر ئەمینی، تا ئێستا زانیارییەک لەسەر تۆمەتەکانی وەپاڵدراو و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

جەعفەر ئەمینی پێشتر و لە ساڵی ٢٧١٧، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بۆکان و شەرمەزار کردنی هێرشی سوپای تورکیە بۆ سەر عەفرین دەستبەسەر کرابوو و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات" سزای شەش مانگ بەندکران بە سەریدا سەپابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە