بجنۆرد؛ سێ کەس لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار سزای بەندکران و پێپژاردنی پارەیان بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ دووشەممە ۵ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
سێ کەس لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە شاری بجنۆرد بریتی لە دوو هاووڵاتیی کورد و هاووڵاتییەکی تورک بە ناوەکانی عیرفان سەجادی، عەلی بەراتی و ئارەش میرزایی، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ۷ ساڵ و ۲ مانگ بەندکران و بژاردنی ۲۰۰ ملیۆن تمەن سزای نەختییان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردانی ۲۷۲۶، عیرفان سەجادی، هاووڵاتیی تەمەن ۲۰ ساڵی کورد لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی شاری بجنۆرد بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» بە بێ بەشداربوونی خۆی سزای ۶ مانگ بەندکران و پێبژاردنی ۲۰۰ ملیۆن تمەن سزای نەختیی بەسەردا سەپێندرا.
ئەم هاووڵاتییە ۱۸ی بەفرانباری ۲۷۲۵، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای چەند ڕۆژ بە دانانی بارمتەیەک لە شێوەی مۆڵەتی کارکردن بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و دەروونی زۆر درابوو.
هەروەها، ئارەش میرزایی هاووڵاتیی تورکی خەڵکی بجنۆرد لەلایەن لقی ۱۰۷ی دادگای سزاکانی بۆجنۆرد سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
ئارەش میرزایی ۱۴ی بەفرانبار لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر و ۱۹ی بەفرانبار بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردن ئازاد کرابوو.
عەلی بەراتی، هاووڵاتییەکی دیکەی تەمەن ۲۵ ساڵی کورد لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشی شاری بۆجنۆرد بە سەرۆکایەتیی دادوەر «لاجوەردی» بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» سزای ۳ ساڵ و ۸ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەم هاووڵاتییە ۱۹ی بەفرانبار دەستبەسەر و دوای یەک هەفتە لە ڕێکەوتی ۲۵ی بەفرانباری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ۳ ملیار تمەنی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.