هەوڵی خۆکوشتنی پەنابەرێکی کورد لە تورکیا دوای دیپۆرتکردنەوەی لەلایەن وڵاتی نۆروێژەوە

٣١ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٤:١١

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

نوورزاد عەلیمورادی، پەنابەری کوردی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان، دوای دیپۆرتکردنەوەی لەلایەن وڵاتی نۆروێژەوە لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ هەوڵی خۆکوشتنی داوە و ئێستا پرۆسەی ڕادەستکردنەوەی ناوبراو بۆ ئێران لە تورکیا ڕاگیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١٩ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، نوورزاد عەلیمورادی، پەنابەری کوردی تەمەن ٣٣ ساڵ لە فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵی تورکیا و لە نێوان ڕێگای ڕادەستکردنەوەی بۆ ئێران، هەوڵی داوە کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نەوزاد عەلیمورادی، دوای هەشت ساڵ چاوەڕوانی وەرگرتنی داوای پەنابەرییەکەی لە کەمپی "لینا"ی نۆروێژ، ڕۆژی ڕابردوو لە ڕێگای ئاسمانییەوە بۆ تورکیا گواسترایەوە و پرۆسەی ڕادەستکردنەوەی بۆ ئێران دوای هەوڵی خۆکوشتنی، بە شێوەی کاتی ڕاگیراوە.

بارودۆخی تەندروستیی نوورزاد عەلیمورادی، دوای هەوڵدانی بۆ خۆکوشتن ناڕوونە و چارەنووسی نادیارە. ناوبراو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و لە ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران ئەگەری ئەوەی سزای قورسی بەسەردا بسەپێندرێت لە ئارادایە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە ڕادەستکردنەوەی نوورزاد عەلیمورادی بۆ ئێران و ئەگەری ئەشکەنجەدران و سەپاندنی هەر چەشنە سزایەکی نامرۆڤانەی دیکە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، داوای سەرنجی خێرای ڕێکخراوە و ناوەندە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەت ناوەندەکانی پاراستنی پەنابەران دەکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە