نوورزاد عەلیمورادی جارێکی دیکە هەوڵی خۆکوشتنی دا و دیپۆرتکردنەوەی لە دوایین ساتەکاندا دوا خرایەوە

٨ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٥:١٧

هەنگاو؛ هەینی ٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

 نوورزاد عەلیمورادی، پەنابەری کوردی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو کە ٩ ڕۆژ لەمەوبەر دوای دیپۆرتکردنەوەی لەلایەن وڵاتی نۆروێژەوە لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ هەوڵی خۆکوشتنی دابوو، جارێکی دیکە لە کاتی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران هەر لەو فڕۆکەخانەیەدا هەوڵی خۆکوشتنی داوەتەوە. بارودۆخی تەندروستیی دەروونی و جەستەیی ئەو پەنابەرە دوای دوو جار دواخستنی ڕادەستکردنەوەی جێی نیگەرانییە و ئەگەری دیپۆرت کردنەوەی دووبارەی بەشێوەیەکی جددی لە ئارادایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٢٦ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، نوورزاد عەلیمورادی، پەنابەری تەمەن ٣٣ ساڵی کورد بۆ جاری دووەم لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵی تورکیا و لە کاتی ناردنەوەی بۆ ئێران، هەوڵی داوە کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت.

بەوتەی یەکێک لە سەرنشینانی ئەو فڕۆکەیە (Tk 874)، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی تۆرکیش ئەیرلاین، دوای گواستنەوەی نوورزاد عەلیمورادی بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن چوار پۆلیسی نۆروێژییەوە بۆ نێو فڕۆکەکە، لەگەڵ ناڕەزایەتی دەربڕینی فڕۆکەوان و سەرنشینانەکان ڕووبەڕوو بووەتەوە و تەنانەت فڕۆکەوانەکە بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە دیپۆرتی زۆرەملێی ئەو پەنابەرە لە دەرگای چوونە دەرەوە لەناکاوەکان چووەتە دەرەوە و بەو شێوەیە دیپۆرتی نەوزاد عەلیمورادی بۆ جاری دووەم دوا خراوەتەوە.

ئەو شایەتحاڵە هەروەها ڕایگەیاندووە کە نوورزاد عەلیمورادی، لە دوایین چرکەکانی گواستنەوەی بۆ نێو فڕۆکەکە بەمەبەستی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران، کە لەسەر کورسییەکی چەرخدار بەسترابووەوە، داوای یارمەتیی لە خەڵک کردووە و لەڕێگەی بڕینی ڕەگی دەستییەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە و جەستەی بە تەواوی خوێناوی بووە، سەرەڕای تەواوی ئەوانە، بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە کێشراوەتە نێو فڕۆکەکە.

هەروەها، ئەو پەنابەرە لە دوایین ساتەکانی گواستنەوەیدا هاواری کردبوو کە "دەرمانی هێوەرکەرەوەی بەهێزی لێدراوە و باری هۆشیاریی ناجێگیرە". یەکێک لە سەرنشینەکانی ئەو گەشتە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە فەرمانبەرانی تۆرکیش ئەیرلاین دەستیان بەسەر مۆبایلی ئەو کەسانەدا گرتووە کە فیلمیان لە کاتی لێدان و کوتانی ئەو پەنابەرە گرتووە و فیلمەکانیان سڕیوەتەوە.

نوورزاد عەلیمورادی، دوای ٨ ساڵ چاوەڕوانیی وەرگرتنی داوای پەنابەری لە کەمپی "لینا"ی نۆروێژ، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١٩ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ بە کردەوەیەکی هاوشێوە هەوڵی دابوو کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت و دوای گەڕاندنەوەی بۆ نۆروێژ، دوای یەک حەفتە جارێکی دیکە بەمەبەستی ڕادەستکردنەوەی بۆ ئێران، لەو وڵاتەوە بۆ تورکیا گواسترایەوە.

ناوبراو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و لە ئەگەری ڕادەستکردنەوەیدا سزای قورسی بەسەردا دەسەپێندرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە ڕادەستکردنەوەی نوورزاد عەلیمورادی بۆ ئێران و ئەگەری ئەشکەنجەدران و سەپاندنی هەرچەشنە سزایەکی نامرۆڤانەی دیکە بەسەریدا لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، داوای سەرنجی تایبەتیی ڕێکخراوەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەت ناوەندەکانی پاراستنی پەنابەران دەکات.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە