سەوڵاوا؛ کوژرانی کوڵبەرێک بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران

١ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٧:٣٦

هەنگاو؛ هەینی ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی مەریوان بە ناوی ئەرکان باڵواسە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ئێران لە بەرزاییەکانی کوێستانی "تەتە"ی سەوڵاوا کوژرا. هەروەها کوڵبەرێکیش بە ناوی دانا بریندار بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی پێنجشەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، ئەرکان باڵواسە، تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی گوندی "جەلیلە" سەر بە شاری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری "تەتە" گیانی لەدەستدا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کاتێکدا تەقەی ڕاستەوخۆیان لە ئەرکان باڵواسە کردووە کە هیچ کەلوپەلێکی قاچاغی پێ نەبووە.

تەرمی ئەو کۆڵبەرە لاوە دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی مەریوان، ئەمڕۆ ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ لە گوندی زێدکەی بە خاک سپێندرا.

هاوکات کۆڵبەرێکی دیکەش بە ناوی بچووکی دانا خەڵکی گوندی "گڵیە"ی مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم چەکدارانە بریندار کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە