نوورئاوای لوڕستان؛ کوژرانی کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ لەلایەن هێزەکانی پۆلیس
هەنگاو؛ یەکشەممە ٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤
کچێکی تەمەن ١٨ ساڵی خەڵکی "گۆیژە" سەر بە ناوچەی کاکاوەندی شاری نوورئاوای پارێزگای لوڕستان بەناوی ڕازیە ڕەحمانی لە ماڵی باوک و دایکی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، ڕازیە ڕەحمانی تەمەن ١٨ ساڵ، لە گوندی "گۆیژە"ی نوورئاوا لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئینتزامییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی یەکێک لە هێزەکانی پاسگای "چشمە سفید" لە سەری گیانی لەدەستدا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئینتزامییەکان بە بیانووی دیتنەوەی ماددەی هۆشبەر هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی شوکرڕەزا ڕەحمانی و بەهۆی خۆڕاگریی بنەماڵەکەی لە بەرانبەر هێرشی ئەو هێزانە، لە نێوان ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە و هێزە حکومەتییەکاندا گرژی و دەمەقاڵە ساز بووە و لەئەنجامیدا ڕازیە ڕەحمانی بە چەکی کۆڵت سەری کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی یەکێک لەو هێزانە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
شایەنی ئاماژە پێدانە کە ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی ڕازیە ڕەحمانی ڕۆژی شەممە ٢ی پووشپەڕ لە گۆڕستانی "گوڵزاری شەهیدانی لەکی هەرسین" سەر بە پارێزگای کرماشان بەڕێوە چووە.