ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر کوژرانی ٧ منداڵی دیکە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا، ژمارەی منداڵە کوژراوەکان گەیشتە ٢١ کەس
هەنگاو؛ شەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥
ئەمیر محەممەد ئەربابپووری و مێلینا ئەسەدی، دوو منداڵی کورد، سام ئەفشاری، ئەبوولفەزل حەیدەریمووسلوو، دوو منداڵی تورک، محەممەد قاسمڕووستا، منداڵێکی لوڕ و دوو منداڵی دیکە بە ناوەکانی میهراب گوڵستانی و ئەمیر سالار بەهمەنینژاد، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شارەکانی مەرودەشت، ئیمامشار و قیروکارزین لە پارێزگای فارس، کرماشان، ئەسفەهان و کەرەج بە تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٩ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، میهراب گوڵستانی، قوتابیی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی کرمان و دانیشتووی ئەسفەهان لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان گیانی لەدەست دا. ناوبراو قوتابیی قوتابخانەی تیزهۆشان بوو و بڕیار بوو ئەمساڵ لە تاقیکردنەوەی سەرتاسەری (کۆنکوور)دا بەشداری بکات.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، تەرمی ئەم منداڵە دوای شەش ڕۆژ ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانبار، لە کاتێکدا بە خاک سپێردراوە کە بەهۆی گوشار و ڕێگریی ناوەندە ئەمنییەکان، بنەماڵەکەی لە ئەنجامدانی هەر چەشنە ڕێوڕەسمێکی ئەسپەردەکردن بێبەش کرابوون.
هەروەها لە هەمان ڕۆژدا ئەمیر سالار بەهمەنینژاد تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی ئەسفەهان لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا لە حەوشەی دەرەوەی وێستگەی میترۆی شەقامی جابر ئەنساریی ئەو شارە، فیشەکی جەنگیی هێزە حکومەتییەکان بەر دڵی کەوتووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی "دکتۆر غەرسی"ی ئەسفەهان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە.
تەرمی ئەم منداڵە دوای هەفتەیەک ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و وەک هەزاران تەرمی دیکەی گیانبەختکردووان بەبێ ئەنجامدانی هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێک بە خاک سپێردراوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، سام ئەفشاری، تەمەن ١٧ ساڵ، قوتابیی بەشی کۆمپیوتەر و پاڵەوانی مەلەوانیی پارێزگا، خەڵکی زەنجان و دانیشتووی کەرەج، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ناوچەی عەزیمییەی کەرەجدا، لە مەودایەکی نزیکەوە لەلایەن هێزە حکومەتییە سەرکوتکەرەکانەوە فیشەکی جەنگی بەر پشتی سەری کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەست داوە.
پەرویز ئەفشاری، باوکی ئەم قوتابییە، لە گفتوگۆ لەگەڵ هەنگاو وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی کوژرانی کوڕەکەی، ڕایگەیاند کە تەرمەکەی لە بەرامبەر ١٨٠ ملیۆن تمەن، لەژێر ناوی «تێچووی فیشەک»، ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و بنەماڵەکەیان هەڕەشەیان لێکراوە کە نابێ گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان بە ڕاگەیاندن بکەن و نابێ هیچ ڕێوڕەسمێکی بۆ بگێڕن.
پەرویز ئەفشاری کە دانیشتووی شاری زۆنتھۆفن لە ویلایەتی بایەرنی ئەڵمانیایە، لە کاتێکدا کە بەهۆی خراپیی باری دەروونییەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیا هەفتەیەک بەسەر ١٧ ساڵەی لەدایکبوونی کوڕەکەیدا تێپەڕیبوو. ناوبراو لە بەشی ئایتی دەیخوێند، بڕوانامەی ئاستی B1ی زمانی ئەڵمانیی هەبوو و بڕیار بوو ساڵێکی دیکە دوای وەرگرتنی بڕوانامەی دیپلۆم، بۆ درێژەدان بە خوێندن بێتە ئەڵمانیا.
هەروەها ئەبوولفەزل حەیدەری مووسەلوو، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شارستانی قیروکارزین، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.
دەوترێت هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی خەڵک لە شەقامەکانی ئەو شارە، هێزە حکومەتییە جێگیربووەکان لەسەر سەربانی پاساژەکان بە هاویشتنی گازی فرمێسکڕێژ و تەقەکردن بەرەو ڕووی خۆپیشاندەران، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانیان بەهۆی پێکرانی فیشەک و ساچمە بریندار کردووە.
لە هەمان ڕۆژدا مێلینا ئەسەدی، منداڵی تەمەن ٣ ساڵی خەڵکی کرماشان، لە بلواری تاقوەسانی ئەو شارەدا بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان و پێکرانی فیشەکی جەنگی بەر سەر و جەستەی، گیانی لەدەست دا. دەستبەجێ میدیا حکومەتییەکانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەکان بە سیناریۆسازییەکی دووبارە، کوژرانی ئەم منداڵەیان خستە ئەستۆی خۆپیشاندەران و بە گوشار خستنە سەر بنەماڵەکەی، ناچاریان کردن لەبەردەم کامێرا حکومەتییەکاندا ئەم سیناریۆیە پشتڕاست بکەنەوە.
ئەمیر محەممەد ئەربابپووری، منداڵی خەڵکی گوندی بڕێوەی خواروو سەر بە هەرسینیش لە هەمان ڕۆژدا لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شارۆچکەی مامۆستا لە کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتیەکانی ئێران کوژرا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ناوەندە حکومەتییەکان، وەک زۆرێک لە بنەماڵەکانی دیکە، داوایان لە بنەماڵەی ئەم منداڵە کردبوو ڕایبگەیەنن کە کوڕەکەیان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە کوژراوە، بەڵام بنەماڵەکە ئەم بانگەشەیەیان قبووڵ نەکرد. تەرمی منداڵەکە لە کۆتاییدا لە بەرامبەر ٧٠٠ ملیۆن تمەن ڕادەست کرایەوە و ڕۆژی ٢٠ی بەفرانبار لە گوندی زێدی خۆی بە خاک سپێردرا.
محەممەد قاسمڕووستا، منداڵی تەمەن ١٤ ساڵ و خەڵکی مەروودەشت، ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانبار لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لەو شارە کوژرا. تەرمەکەی چەند ڕۆژ دوای ئەوە، لەگەڵ تەرمی مەنسوور موختاری، گیانبەختکردوویەکی دیکەی ئەو شارە، بەبێ ئەنجامدانی هیچ ڕێوڕەسمێکی فەرمی و لەژێر گوشاری ئەمنیدا، بە خاک سپێردرا.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە هەژمارکردنی ئەم حاڵەتانەی دوایی، ژمارەی ئەو منداڵانەی لە کاتی ئەم ناڕەزایەتییانەدا گیانیان لەدەستداوە بۆ لانی کەم ٢١ کەس بەرز بووەتەوە؛ هەنگاو پێشتر کوژرانی لانی کەم ١٤ منداڵی دیکەی ڕاگەیاندبوو.