پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی پێنج کەس لە گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای کرماشان لەوانە دوو ژن
هەنگاو؛ سێشەممە ٣٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥
پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی؛ محەممەدمەهدی بەدری، مێلیکا شاهمورادی، حەسەن فەلاحی و ئیلهام زەینەلی لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی کرماشان و هەروەها ڕەزا دەروێشی لە شاری شاباد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٩ی جەنیوەری ٢٠٢٦)، حەسەن فەلاحی، لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان و خەڵکی گوندی «سەرائیلان تووەخاکی» سەر بە کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شارۆچکەی ئیلاهییەی کرماشاندا، بە تەقەی فیشەکی جەنگی لە پشتی سەرەوە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژرا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکومەتییەکان ڕێگەیان نەدا تەرمەکەی لە شاری کرماشان بنێژرێت و بنەماڵەکەی ناچار بوون لە گوندی باووباپیرانیان واتە «سەرائیلان تووەخاکی» بە خاکی بسپێرن. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی لە ٢١ی بەفرانباردا بەڕێوە چوو و سەرەڕای کەشێکی توندی ئەمنی، بەشداربووان دروشمی دژە حکومەتییان دەوتەوە.
هەروەها ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی جەنیوەری ٢٠٢٦)، مێلیکا شاهمورادی (دەستیاب) تەمەن ٢١ ساڵ، لە هاووڵاتییانی پەیڕەوی ئایینی یارسان و خەڵکی شارستانی کەرەندی غەرب ناوەندی شارستانی داڵاهۆ، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە شارۆچکەی موعەللیمی کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراوە.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی گەیشتووەتە هەنگاو، تەرمی ئەم هاووڵاتییە بە ئەنجامدانی ڕێوڕەسمێکی ئەسپەردەکردن و بە ئامادەبوونی بەرفراوانی خەڵک، لە زێدی خۆی بە خاک سپێردراوە.
لە هەمان ڕۆژدا هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی محەممەدمەهدی بەدری، خەڵکی کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە بلواری تاقوەسانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.
هەر ئەو ڕۆژە واتە ١٨ی بەفرانبار، ئیلهام زەینەلی، سووپەروایزەر لە نەخۆشخانەی ئیمام عەلیی کرماشان، بە بەرکەوتنی فیشەکی جەنگی لە پشتی سەرەوە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژرا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم هاووڵاتییە لە بەشی کەمەر، سک و منداڵدان بریندار بووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە نەشتەرگەرییەکی قورسی بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە. تەرمەکەی لە ٢٣ی بەفرانبار لە «باغ فیردەوس»ی شاری کرماشان بە خاک سپێردرا.
لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار لە شاباد، ڕەزا دەروێشی، گەنجێکی تەمەن ٢٧ ساڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان کوژرا.
هەنگاو زانیویەتی کە ئەم گەنجە لە نزیک مزگەوتی "ئیمام حوسێن" سەرەتا بە چەکی ساچمەیی بە سەختی بریندار کراوە و پاشان هێزە حکومەتییەکان بە چەکی کڵاشینکۆف و لە کاتێکدا کە لەسەر زەوی کەوتبوو، تەقەیان لە دڵی کردووە. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار لە گوندی تەجەرکەرەم پەناھاباد بەڕێوە چووە.