ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی پێنج هاووڵاتیی کورد بریتی لە دوو ژن، ئاشکراکردنی ناسنامەی ١٢ هاووڵاتیی کورد کە لە تاران کوژراون

٢٤ بەفرانبار ٢٧٢٥، ١٨:٤٣

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥

گوڵاڵە مەحموودی ئازەر لە مەهاباد، زارا مورادی و سیاوەش شێرزاد هەردووکیان لە بۆکان، عرفان عەلیزادە لە لۆماری شاری سیروان و عەلی عەباسی لە گێەلان، پێنج هاووڵاتیی کورد لە تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەم شارە کوژراون. لەگەڵ ئەمانەدا، هەنگاو هەتا ئێستا توانیویە ناسنامەی ١٢ هاووڵاتیی کورد بریتی لە سێ ژن کە لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی تاران کوژراون، ئاشکرا و  بڵاوبکاتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی جەنیوەریی ٢٠٢٦)، گوڵاڵە ئەحمەدی ئازەر خەڵکی مەهاباد، زارا مورادی خەڵکی بۆکان، سیاوەش شێرزاد خەڵکی بۆکان، عرفان عەلیزادە خەڵکی لۆمار و عەلی عەباسی خەڵکی گێەلان لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لە تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی ئێران کوژراون.

گوڵاڵە (مریەم) مەحموودی ئازەر، هاووڵاتیی ٢٦ ساڵەی کورد و خەڵکی مەهاباد کە لەگەڵ هاوژینەکەی کە خەڵکی پاوە سەر بە پارێزگای کرماشانە لە تاران نیشتەجێ بوون، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان کوژراوە و تەرمی ناوبراو پاش گەڕانەوە بۆ مەهاباد لە کەشێکی تەواو ئەمنیی و لە بێدەنگی زۆرەملێ بە خاک ئەسپێردرا، سەرچاوەکانی هەنگاو جەختیان کردووەتەوە ناوی “ڕۆژین” کە خوشکی گوڵاڵەیە وەک گیان بەختکراو بە هەڵە بڵاو کراوەتەوە.

هەرورها زارا مورادی هاووڵاتیی خەڵکی گوندی حەسار سەر بە بۆکان لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی تارانسەر لە ڕۆژئاوای تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان بۆ لای سەر و سینگی کوژراوە. زارا لە تاران سەرقاڵی کار ئارایشگەری بووە، بە پێی زانیارییە وەرگیراوەکانی هەنگاو، خاڵۆ و خاڵۆزای زارا هاوکات لەگەڵ زارا بە تەقەت چەکی ساچمەیی بە سەختی بریندار بوونە. ناوبراو خێزاندارە بووە و بەم تازەییانە ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو.

سیاوەش شێرزاد هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵ و کورد و خەڵکی بۆکان، هاووڵاتییەکی دیکەیە کە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان کوژراوە و پاش دانەوە تەرمەکەی بە بنەماڵەکەیەوە بە هۆی گوشارە ئەمنییەکان و بە زۆرەملێ ڕێوڕەسمی بە خاک ئەسپاردنەکەی ناوبراو لە گوندی تازە قەڵا لە بۆکان بەڕێوە چووە. ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.

عرفان عەلیزادە هاووڵاتیی کوردی ٢٤ ساڵەی خەڵکی لۆمار سەر بە شاری سیروانی پارێزگای ئیلام لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لە شاری وەرامین لە باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای تاران بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان کوژراوە.

لە لایەکی دیکەوە، عەلی عەباسی هاووڵاتیی کورد و ١٨ ساڵە خەڵکی گێەلان سەر بە پارێزگای کرماشان کە لە تاران سەرقاڵی کار بووە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان لەم شارە کوژراوە، سەرچاوەکانی هەنگاو جەختیان کردووەتەوە کە فیشەکە جەنگییەکان لای ڕاسی لاپاڵ و گورچیلەی ناوبراوی پێکاوە و پاش گواستنەوەی عەلی بۆ نەخۆشخانە و تێپەڕینی چەند کاتژمێر گیانی خۆی لە دەست داوە.

تەرمی ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بەفرانبار لە گۆڕستانی ئەوەڵا ویار لە گێەلان بە خاک ئەسپێردراوە. لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ خاڵۆ عەلی عەباسی بە ناسنامەی شەهریار مورادی لە کۆبوونەوەکانی خەڵکی گێەلان لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای ئەم شارە دەستبەسەرکراوە.

هەنگاو وەری گرتووە، تەرمی ئەم پێنج هاووڵاتییە پاش گەڕانی بنەماڵەکانیان لە نێوان سەدان تەرم لە ساردخانەکانی تاران وەرگیراونەتەوە.

بە پێی زانیارییە متمانەپێکراوەکان، هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بنەماڵەی گیانبەختکراوانی خستۆتە ژێر گوشارەوە تا لە بەرانبەر وەرگرتنەوەی تەرمی منداڵەکانیان، بە ناچار دانپێدانانی زۆرەمڵی لە تەلەفزیۆن ئەنجام بدەن؛ دانپێدانانێک کە لە نێویدا، کوشتنی منداڵەکانیان بخەنە ئەستۆی ناڕازییان. سەرەڕای ئەمەش بنەماڵەکان ئەبێ بڕە پارەی دیاریکراوی یەک میلیارد تمەن بدەن و ئامادە نەبوون دانپێدانانی زۆرەملێ ئەنجام بدەن.

بە پشت بەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەتا ئێستا لانی کەم ٤٨ هاووڵاتیی کورد لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە کوژراون کە ١٢ کەس لەوان واتا ٢٥٪ی تەواویی هاووڵاتییانی کوردی گیانبەختکراو لە تاران کوژراون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە