سەراوان، بەهۆی تەقینەوەی مین ژنێکی بەلووچ گیانی لەدەست دا

٣ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ٢٢:١٩

هەنگاو، یەکشەممە ٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

مێهر بیبی سیاهانی، هاووڵاتیی بەلووچی خەڵکی شاری سەراوان سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، بە هۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی سوپای پاسداران گیانی لەدەست دا. لە ماوەی شەش مانگدا لە سنوورەکانی سیستان و بەلووچستان ٧کەس بە هۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستداوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٢١ ژوئەنی ٢٠٢٤، مێهر بیبی سیاهانی، ٧٠ساڵە و خەڵکی گوندی "پتکوکی" سەراوان بە هۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەستداوە.

ئەو هاووڵاتییە لە کاتی لەوەڕاندنی ئاژەڵ لە ناوچەی کەڵگانی سەراوان بە هۆی تەقینەوەی مین دەستبەجێ گیانی لەدەستداو تەرمەکەی لە شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆی بە خاک سپێندراوە.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە سەرەتای ساڵی ٢٧٢٤تا ئێستا (نزیکەی ٦مانگ)، لانی کەم ١٤هاووڵاتیی لە سنوورەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان بوونەتە قوربانی تەقینەوەی مین کە ٧ کەس گیانیان لەدەستداوە. لەو ١٤کەسەی کە بوونەتە قوربانی ٧کەسیان هاووڵاتیی ئەفغانستان بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە