کوژران و برینداربوونی ۱۲ ژنی بەلووچ لە لایەن هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران

هەنگاو؛ چوارشەممە ۱۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
لە ئەنجامی هێرشی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر گوندی گونیچی شاری خاش سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، ژنێکی بەلووچ بەناوی "خان بیبی بامری" بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە گیانی لەدەست دا و ۱۱ ژنی دیکە بریتی لە دوو کچی خوار تەمەن ۱۸ ساڵ بریندار کران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۱۰ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱ی جولای ۲۰۲۵)، لە ئەنجامی هێرشی هێزە سەربازییەکان و هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ سەر گوندی گونیچ سەر بە شاری خاش، خان بیبی بامری ژنی تەمەن ۴۰ ساڵی بەلووچ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە گیانی خۆی لەدەست دا و ۱۱ ژنی دیکە بریندار کران کە باری تەندروستی دوو کەسیان بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە. هەروەها یەک لەو ژنانە بەهۆی لێدرانی له لایەن ئەو هێزانەوە منداڵەکەی لەبار چووە.
بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی حال وەش، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا کە لە کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە کراوەتە سەر گوندی گونیچ، لالی بامری تەمەن ۴۰ ساڵ و ئەسرا بامێری تەمەن ۱۸ ساڵ، بەهۆی برینەکانیان لە ئەنجامی پێکرانیان بە گوللەی ئەو هێزانە، لە بەشی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەی خومەینی خاش خەوێندراون و بارودۆخی تەندروستییان ناجێگیرە. هەروەها ڕێحانە بامێری، تەمەن ۲۱ ساڵ و دوو گیان، بەهۆی لێدانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و بەرکەوتنی گوللەی ساچمەیی منداڵەکەی لەبار چووە.
ناسنامەی ئەو ژنانەی بریندار کراون بەو شێوەیە؛ مەدینە بامری تەمەن ۲۴ ساڵ، سەبا بامری تەمەن ۱۷ ساڵ، ئەسرا بامری تەمەن ۱۸ ساڵ، ڕەحم بیبی بامری تەمەن ۳۲ ساڵ، سەنج مەلەک بامری تەمەن ۴۵ ساڵ، عەسەل بامری تەمەن ۲۰ ساڵ، موحەدیسە بامری تەمەن ۱۶ ساڵ، مەهتاب بامری تەمەن ۵۰ ساڵ، فاتمە بامری تەمەن ۲۶ ساڵ، لالی بامێری تەمەن ۴۰ ساڵ و ڕێحانە بامێری تەمەن ۲۱ ساڵ.
بە پێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێوەی بێ ڕێسا و سەروویاسایی دژ بەو ژنە بەلووچانە لە گوللەی جەنگی و ساچمەیی پلاستیکی کەڵکیان وەرگرتووە.
ئەو هێرشە لە کاتژمێر ۵ تا ۱۰ی بەیانی بە بیانووی دەستبەسەرکرانی «کەسانی چەکداری دژبەری نیزام» ئەنجام دراوە و ڕێگای چوونەژوورەوە و هاتنەدەرەوەی گوندەکە بە دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازی بە تەواوی گەمارۆ دراوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بە وتەی دانیشتووانی ئەو گوندە، هیچ کەسێکی چەکدار لە گوندەکەیاندا نەبووە.