بەندیخانەی قزڵحیسار؛ جێبەجێکرانی نهێنی سزای سێدارەی ۹ بەندکراو بە تۆمەتی ئەندامێتی لە داعش هاوکات لەگەڵ سەفەری ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هەنگاو؛ سێشەممە ۲۰ی جۆزەردانی ۲۷۲۵
سزای سێدارەی ۹ بەندکراو بریتی لە ژنێکی بەلووچ بەناوی حەفیزە بەلووچزێهی و هەشت پیاو بە تۆمەتی ئەندامێتی لە داعش، هاوکات لەگەڵ سەفەری ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لابردنی گەمارۆکان لەسەر حکومەتی سووریا، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج بەشێوەی نهێنی جێبەجێ کرا. تەواوی ئەو بەندکراوانە کورد و بەلووچ بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ۱۵ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۵ی مەی ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی حەفیزە بەلووچزێهی، بەندکراوی تەمەن ۲۵ ساڵ و خەڵکی سەراوان سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و ۸ بەندکراوی پیاو کە ناسنامەیان تا ئێستا نادیارە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. هەواڵنێری میزان پاش ۳۵ ڕۆژ، ڕۆژی سێشەممە ۲۰ی جۆزەردان ۲۷۲۵، و هاوکات لەگەڵ حەفتا و دووەمین حەوتووی "کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە" و بەبێ ئاماژە بە ناسنامەی ئەو بەندکراوانە هەواڵی جێبەجێکردنی سزای سێدارەکەیانی بڵاو کردووەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەر هەشت بەندکراوی پیاوی لەسێدارەدراو کورد و بەلووچ بوون و لە بەندیخانەکانی دیکەوە لە ڕێکەوتی ۱۴ی بانەمەڕ بۆ بەندیخانەی قزڵحیسار، بەندیخانەی شوێنی جێبەجێکردنی سزاکان گواسترابوونەوە.
سزای سێدارەی ئەو ۹ بەندکراوە لەحاڵێکدا جێبەجێ کراوە کە هەموو لە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.
جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوانە لەحاڵێکدا بووە کە بەشێوەی هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئامریکا لە گەشتێک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وێڕای بەستنی پەیمانی تیجاری، بە داوای عەڕەبستانی سەعوودی گەمارۆکانی لەسەر دەمێشق لابردبوو.
ئەو بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتی "موحاربە لە ڕێگای خەباتی چەکدارانە و ڕاگرتنی چەکی جەنگی" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو و ئەو سزایە لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرابۆوە.
لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا میدیا حکومەتییەکان بریتی لە هەواڵنێری میزان، هەواڵنێری پەیوەندیدار بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕایگەیاندووە کە ئەو بەندکراوانە مانگی ڕێبەندانی ۲۷۱۷ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ژمارەیەک چەکی جەنگیدا گرتوون کە ئەو بەندکراوانە مەبەستی بەکارهێنانی چەکەکانیان بۆ "کردەوەی تێرۆریستی" هەبووە.
شایەنی باسە کە لە مانگی ڕێبەندانی ۲۷۱۷، محەممەد خاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران هەواڵی پێکدادانی نێوان هێزەکانی بنکەی نەجەفی ئەشرەف و گرووپێکی سەلەفی لە ناوچەی بەمۆی شاری سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان ڕاگەیاندبوو. لەو پێکدادانەدا ۳ هێزی سوپای پاسداران و ۵ کەس لە هێزەکانی بەرەی دیکە کوژرابوون و لەو کاتەوە تا ئێستا هەواڵی دەستبەسەرکرانی ۱۶ کەس بریتی لە چەند هاووڵاتیی بیانی بڵاو کراوەتەوە.