شەهریار؛ سێ چالاکی کرێکاری سزای شەش ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا

٣ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ٢٢:٤٦

هەنگاو؛ یەکشەممە ٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

سێ چالاکی کرێکاری بە ناوەکانی مورتەزا سەیدی، محەممەد ئێراننژاد و نەسروڵڵا ئەمیرلوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرجەم سزای شەش ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا مورتەزا سەیدی، چالاکی کرێکاریی کورد و خەڵکی کامێران، محەممەد ئێراننژاد و نەسروڵڵا ئەمیرلوو، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی شەهریار بە سەرۆکایەتیی دادوەر بەهرام پەناهی بە تۆمەتی "پێکهێنانی دەستە و گرووپ بەمەبەستی تێکدانی ئاسایش" هەر یەک سزای دوو ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ٦ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەو سێ چالاکە کرێکارییە لە ڕێکەوتی ٦ی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوودا بەڕێوە چووە و سزای بەندکرانەکەیان، ڕۆژی شەممە ٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ بەشێوەی فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە.

مورتەزا سەیدی و نەسروڵڵا ئەمیرلوو، ڕۆژی هەینی ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ لەگەڵ چەند چالاکی کرێکاریی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شەهریاری سەر بە پارێزگای تارانەوە دەستبەسەر کران.

ئەو دوو چالاکە کرێکارییە، بانەمەڕی ٢٧٢٢، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ئێڤین ئازاد کران.

هەروەها محەممەد ئێراننژاد لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی پێشووی خۆیدا ٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٢، بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکرانەکەی بەڕێی بەندیخانە کرابوو. ناوبراو لە ئاکامدا ڕۆژی ١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە