فەرهاد شێخی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا

١٠ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٥:١٣

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

فەرهاد شێخی، چالاکی کرێکاری و بەندکراوی سیاسیی پێشوو خەڵکی سەقز، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانە فەرهاد شێخی، خەڵکی سەقز لەلایەن لەقی ١ی دادگای شۆڕشی کەرەج بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئاسەف حوسێنی بە تۆمەتی "بانگەشە دژ بە کۆماری ئیسلامی" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

ناوبراو بەناوی سزای تەواوکەر بە قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران، دوورخستنەوە بۆ شاری دیواندەرە و قەدەغەکردنی ژیان لە پارێزگای ئەلبورز و تاران، بۆ هەر یەکیان سزای دوو ساڵی بەسەردا سەپاوە.

فەرهاد شێخی، ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٣، بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە بڕیاری دادگا بانگ کرابوو.

ئەم چالاکە کرێکارییە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٢٨ی مەی ٢٠٢٣)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکەی لە هەشتگردی شاری کەرەج دەستبەسەر کرا و دوایی ماوەیەک، لە بەندیخانە ئازاد کرا.

ناوبراو لە ڕێبەندانی ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە حکومەتییەکان دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج گواسترایەوە، ناوبراو لە کۆتاییدا ڕۆژی ١٨ی هەر ئەو مانگە بەرکەوتی بەخشنامەی لێبوردن بوو و ئازاد کرابوو.

فەرهاد شێخی، پێشتریش لە ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٠، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی کرێکار دەستبەسەر کرا و دوایی بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی و دانانی دەستەبەری ٣٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

ئەم بەندکراوە سیاسیی پێشووە لە کۆتاییدا لەلایەن لەقی ١٠٥٨ی دادگای تاوانەکانی ٢ی پارێزگای تاران بە تۆمەتی "تێکدانی سەقام و ئارامی گشتی" سزای چوار مانگ بەندکران و لێدانی پێنج قامچی بە سەریدا سەپێنرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە