ڕێوڕەسمی نەورۆز؛ یووسف حاجیخۆش سزای سێ ساڵ و چوار مانگ بەندکرانی بەسەرداسەپا

٤ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ٠١:٣٧

هەنگاو؛ یەکشەممە ٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

یووسف حاجیخۆش هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شنۆ و ئەندامی شوورای ناوەندی و دەستەی بەڕێوەبەریی بەرەی یەکگرتووی کورد کە لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانە بەربڵاوەکانی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای سێ ساڵ و چوار مانگ بەندکران بە سەریدا سەپێنرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا یووسف حاجیخۆش هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "کۆنەقەڵا" سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەنساری بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای ٣ ساڵ و ٤ مانگ بەندکران بە سەریدا سەپا.

یووسف حاجیخۆش ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤، لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ لە ماڵەکەی دەستبەسەر کرا.

ناوبراو سەرەنجام ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٤، بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە