بۆکان؛ ڕەشید ڕەحیمی سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٩ سەرماوەز ٢٧٢٤، ١٦:٣٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

ڕەشید ڕەحیمی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بۆکان بە هۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی تایبەتی نەورۆز لە کوردستان لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا، ڕەشید ڕەحیمی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی ئەم شارە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سزای ناوبراو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو بە "ڕەحیمی" ڕاگەیێندراوە و دەبێت ناوبراو لە ڕۆژانی داهاتوو بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی خۆی بە دادسەرای گشتیی و شۆڕشی شاری بۆکان بناسێنێت.

ڕەشید ڕەحیمی، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤، بە بێ نیشاندانی بەرگەی دادوەری لە لایەن هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.

شایانی باسە کە، ڕەشید ڕەحیمی، لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی شەهرام نانەوا و کەسێکی دیکە بە ناوی زاهیر (ناسناوی نادیارە) خەڵکی بۆکان، بە هۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە