دەستبەسەرکرانی ئیدریس دادڕەس لە مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

٥ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٣:٤٢

هەنگاو؛ سێشەممە ٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی مەریوان بەناوی ئیدریس دادڕەس، بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٢٥ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، ئیدریس دادڕەس، تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی گوندی سەردۆش سەر بە شاری مەریوان و دانیشتووی گۆڕەپانی جەهادی ئەو شارە لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعات، لەگەڵ توندوتیژی و لەبەر چاوی ژن و پێنج منداڵەکەیدا ئەو هاووڵاتییەیان بە بەکارهێنانی لێدان و کوتانەوە دەستبەسەر کردووە.

هەروەها لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی ئیدریس دادڕەس، دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانی ئەو هاووڵاتییە وەکوو مۆبایلەکەی داگرتووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە