ئورمیە؛ کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەی بەسەردا سەپا

٦ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٦:٣٩

هەنگاو؛ چوارشەممە ٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

ئیدریس ئالی، کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت کە نزیک بە سێ مانگە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارە بە سەریدا سەپێندراوە. ئەم سزایە بەپێی ددانپێدانانی زۆرەملێی و لەژێر گوشاری ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دژی ناوبراو دەرکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئیدریس ئالی، تەمەن ٣١ ساڵ و باوکی دوو منداڵ لەلایەن لەقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل"سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

ئیدریس ئالی نزیکەی سێ مانگ پێش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە سەردەشت دەستبەسەرکرا و لە کۆتاییدا بۆ بەندی سیاسیی بەندیخانەی ئورمیە گواستراوەتەوە.

دۆسیەکەی ئیدریس ئالی دوای ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سزای سێدارەکەی بۆ دیوانی باڵای وڵات نێردراوە. ناوبراو تاکوو ئێستا لە مافە سەرەتاییەکان وەکوو دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.

جێ ئاماژەیە کە ئەم دۆسیەیە سەرەڕای ئیدریس ئالی، چوار تۆمەتباری دیکەی هەیە کە هەموویان دوای ماوەیەک دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە