پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەی حاتەم ئۆزدەمیر بەندکراوی سیاسیی کورد لە لایەن دادگای باڵا

٢ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٧:٥٦

هەنگاو؛ دووشەممە ٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

سزای لەسێدارەدانی حاتەم ئۆزدەمیر، بەندکراوی سیاسیی کورد خەڵکی پارێزگای ئاگری کوردستانی تورکیا و بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە کە پێشتر بە تۆمەتی موحارەبە سزای سێدارە بەسەردا سەپێنرابوو، لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پشتڕاستکرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا سزای سێدارەی حاتەم ئۆزدەمیر، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی پارێزگای ئاگری لە، کە لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر "نەجەف زادە" بە تۆمەتی "موحارەبە" سزای لەسێدارەدان بەسەریدا سەپاوە و دۆسیەکەی دوای ناڕەزایەتی پارێزەری بەرگرییەکەی ڕەوانەی دادگای باڵا کرابوو، پەسەند کرا.

حاتەم ئۆزدەمیر ١١ی پووشپەڕی ٢٧١٨ لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکانی سنووری چالدیران کەوتنە بۆسەی هێزەکانی بنکەی حەمزە سەیدوشوهەدای سوپای پاسداران و حاتەم ئۆزدەمیر لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی چەکداری و تۆپبارانی ناوەچەکە لە کاتێکدا بە گوللەی خومپارەی ئەم هێزانە بریندار کرابوو، دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی قەرارگای ڕەمەزانی سپا لە ئورمیە گواسترایەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە پاش نزیکەی ٥٠ ڕۆژ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدان لەم دەستبەسەرگەیەدا لە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧١٨ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترا و ١٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢١، پاش ٣٣ مانگ لە دەستبەسەرکردنی کاتی و زەوتکردنی مافی دانانی پارێزەر لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی خۆی بە تۆمەتی "بەغی" بە سزای لەسێدارەدان و بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپی تیرۆریستی" سزای ٥ ساڵ بەندکران بەسەریدا سەپێنرا.

دوای ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بڕیارەی دەرکراوی دۆسیەکەی بۆ تانەدان ڕەوانەی دادگای باڵای وڵات کرا و لە مانگی ڕەشەممەی ٢٧٢٢دا سزای لەسێدارەدانی لەلایەن لقی ٩ی دادگای باڵا بە سەرۆکایەتی "قاسم مەزینانی" هەڵوەشێنرایەوە و بۆ دووبارە پشکنین ڕەوانەی لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئورمیە کرا.

دانیشتنی دادگای ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە ڕۆژی ٤ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە لقی ئاماژەپێکراو بەڕێوەچوو و لە ٣٠ی بانەمەڕ سزای سێدارەکەی لە بەندیخانەی ئورمیە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.

شایانی باسە کە، ئەم بەندکراوە سیاسییە لەم ماوەیەدا سەرەڕای ئەوەی تووشی نەخۆشی بەردی گورچیلە بووە و پێداگریی پزیشکەکان بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە خزمەتگوزاری دەرمانی بێبەش بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە