عاتیفە ڕەنگڕیز جارێکی دیکە دەستبەسەر کرا

١٠ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ٠٠:٢٩

هەنگاو؛ شەممە ٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

عاتیفە ڕەنگڕیز، چالاکی مافی ژنان، دانیشتووی شاری دامغان سەر بە پارێزگای سمنان، جارێکی دیکە دەستبەسەرکرا. ناوبراو پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانی دەستبەسەر کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، پێش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٢٩ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، عاتیفە ڕەنگڕیز، چالاکی مافی ژنان دوای پێڕاگەیاندنی تۆمەت لە لایەن لەقی ١ی لێپرسینەوەی دادوەری دامفان، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی شاهروود گواسترایەوە.

عاتیفە ڕەنگڕیز، پێشتر لە لاپەڕەی ئیستاگرامیی خۆی، نووسی کە لە ئەنجامی دۆسییەسازییەکی نوێی، بە وەکوو "پێکهێنانی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەت"، "بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" و "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی" تۆمەتبار کراوە.

ئەم چالاکەی مافی ژنان، ڕۆژی ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری دامغان دەستبەسەرکرا و بۆ گرتووخانەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە سمنان گواسترایەوە.

ناوبراو لە کۆتاییدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاهروود ڕاگواسترا و ڕۆژی ٢٩ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

جێگای ئاماژەیە کە، عاتیفە ڕەنگڕیز، تا ئێستا چەند جارێک لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە