ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی پێنج بەندکراو لە مەشهەد و ساری

١٤ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٦:٠٠

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

سەرەتاکانی ئەم هەفتەیە سزای سێدارەی چوار بەندکراو بریتی لە هاووڵاتییەکی ئەفغانستان کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارە بە سەریدا سەپابوو، لە بەندیخانەی وەکیل ئاوای مەشهەد جێبەجێ کرا. ناسنامەی دوو کەس لەم بەندکراوانە یاسر غەفووریان و محەممەد هۆشیار عەلیزادە ڕاگەیەندراوە. هەروەها بەندکراوێکی دیکەش بە ناوی حەبیب شوجاعی لە بەندیخانەی شاری ساری لە سێدارە دراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٣٠ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی لانی کەم چوار بەندکراوی بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە لە بەندیخانەی وەکیل ئاوای مەشهەد جێبەجێ کراوە. ناسنامەی دوو کەس لەم بەندکراوانە کە خەڵکی مەشهەد بوون محەممەد عەلیزادە تەمەن ٤٧ ساڵ و یاسر غەفووریان ڕاگەیەندراوە.

ناسنامەی دوو بەندکراوی دیکە کە یەکێک لەوانە خەڵکی شاری قووچان و ئەوی دیکە هاووڵاتیی ئەفغانستان بووە، لەلایەن هەنگاو بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت. ئەم چوار بەندکراوە پێنج ساڵ پێشدەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارە بە سەریاندا سەپێنرابوو.

هاوکات، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی حەبیب شوجاعی تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی ساری، لە بەندیخانەی ناوەندیی ساری جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کرابوون و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارە بە سەریاندا سەپێنرا.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم پێنج بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە