ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی حەوت بەندکراو لە بەندیخانەکانی شیراز، ئەهواز، ڕەشت و قوم

١٠ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ١٦:١٣

هەنگاو؛ هەینی ۱۰ی گەلاوێژی ۲۷۲۵

سزای سێدارەی پێنج بەندکراو بەناوەکانی ئەبۆلفەزل عەلایی، ئەسەدوڵڵا سەگوەندی، ڕەزا ئەفرایی مەردخە، محەممەد ریکانی و جابیر سەلامی و دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە «ماددە هۆشبەرەکان» و «کوشتنی بە ئەنقەست» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەکانی ئەهواز، شیراز، ڕەشت و قوم جێبەجێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۳۱ی جولای ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی لوڕ بەناوی ئەسەدوڵڵا سەگوەندی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەهواز (سپیدار) جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە لە پێنج ساڵ پێشترەوە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هاوکات، سزای سێدارەی سێ بەندکراو بریتی لە بەندکراوێکی تورکی خەڵکی جۆلفا بەناوی ئەبۆلفەزل عەلایی و دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان کە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەیان بەدواداچوون دەکرێت، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی عادڵ ئابادی شیراز جێبەجێ کراوە.

هەروەها بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۸ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۳۰ی جولای)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی گیلەک بەناوی ڕەزا ئەفرایی مەردخە، تەمەن ۴۰ ساڵ، خەڵکی ئەنزەلی و دانیشتووی شاری ڕەشت و باوکی دوو منداڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕەشت جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە چوار ساڵ پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست بە پاساوی پاراستنی نامووس دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هاوکات و لە هەمان ڕۆژدا، سزای سێدارەی جابیر سەلامی، خەڵکی قوم کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی قوم جێبەجێ کرا.

لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆژی سێشەممە ۷ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۲۹ی جولای)، سزای سێدارەی محەممەد ریکانی، هاووڵاتیی عەرەب لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەهواز (بەندیخانەی سپیدار) جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە شەش ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو حەوت بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە