سنە؛ بانگکران و دەستبەسەرکردنی سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکران

١٤ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٦:١٦

١٤ی پووشپەڕی ٢٧٢، ١٥: ٠٨

هەنگاو، پێنجشەممە ١٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی " نۆژین" دوای بانگکرانی بۆ دادگای سنە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای ٨مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گواسترایەوە. ناوبراو لەو دواییانەدا دوای هەڵوەشانی سزای ١٠ساڵ بەندکرانەکەی لە دادگای پێداچوونەوە لە زیندان ئازاد کرابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٣ی جوڵای ٢٠٢٤)، سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی، خەڵکی کامێران و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی فەرهەنگیی "نۆژین" دوای بانگکرانی بۆ دادگای شۆڕشی سنە بە مەبەستی تێکەڵکردنی دوو سزاکەی، دەستبەسەر کرا و بۆ تێپەڕکردنی سزای ٨مانگ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گواسترایەوە.

ئەو هەووڵاتییە ٩ی بەفراناری٢٧٢٣، لە لایەن لقی جێبەجێ کردنی سزاکانی دادگای سنە بۆ تێپەڕکردنی سزای یەک ساڵەکەی بە تۆمەتی (تێکدانی بنەمای گشتی) بانگکرابوو و دەستبەسەرکرابوو و بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گواسترابۆوە و ٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٤، کەوتە ژێر لێبووردەیی و لە بەندیخانەی بەندکراوە سیاسییەکان ئازاد کرابوو.

شایەنی باسە کە، سەیوان ئیبراهیمی سەرماوەزی ساڵی٢٧٢٣، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر کەرەمی بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپ و باندێک بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" سزای١٠ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران" سزای ساڵێک بەندکران و بە کۆی گشتی سزای ١١ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی پووشەڕی ٢٧٢٤ (٢٣ی ژووئەن ٢٠٢٤)، سزای ١٠ساڵ بەندکردنی ئەو هاووڵاتییە هەڵوەشایەوە و لەو تۆمەتە بێتاوان دەرچوو و سزای یەک ساڵەکەشیبۆ هەشت مانگ کەمکرایەوە.

ناوبراو مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردووش، لە دۆسیەیەکی دیکەدا لە لایەن لقی١٠٦ی دادگای تاوانەکانی سنەوە بە تۆمەتی "تێکدانی بنەمای گشتی" سزای یەک ساڵ بەندکران، دوورخستنەوە و لێدانی ٤٠ قامچی بەسەردا سەپا. ڕۆژی ١١ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، سزای بەندکران و قامچی ناوبراو لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاستکرایەوە و سزای ڕاگواستنی بۆ زیندانی (دیزل اباد) ی کرماشان هەڵوەشایەوە.

ئەم ئەندامەی دەستە بەڕێوەبەری کۆمەڵەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی "نۆژین" ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری٢٧٢٢، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو دە کۆتاییدا، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندان ساڵی ڕابردوو، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.

پێشتریش، سەیوان ئیبراهیمی، ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لە کاتێکدا کە بە مەبەستی بەدواداچوونی دۆسیەی خێزانەکە، زارا محەممەدی ڕەوانەی دادگای شۆڕشی سنە بوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کرا و ڕۆژی ١٥ی بەفرانبار بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە