بۆکان؛ سووسەن حەسەنزادە لە مامۆستایانی خۆبەخشی زمانی کوردی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا

١٥ سەرماوەز ٢٧٢٤، ٢٢:٤٨

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

سووسەن حەسەنزادە، چالاکی مەدەنی و لە مامۆستایانی خۆبەخشی زمانی کوردی و خەڵکی شاری بۆکان، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێ مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، سووسەن حەسەنزادە، چالاکوانی مەدەنی و مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی، دوای بانگکران بۆ پۆلیسخانەی شمارە ١١ی بۆکان بە بیانووی سکاڵا، دەستبەسەر کرا و بۆ جێبەجێکرانی سزاکانی خانەی دادی گشتی و شۆڕشی ئەو شارە گواسترایەوە، و چەند کاتژمێر لەدوای دەستبەسەرکرانی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە.

ئەو چالاکوانە مەدەنییە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

سووسەن حەسەنزادە، لە ڕێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕ (١٥ی مەی)، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرا. ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردان (١٢ی ژوئەن) و دوای نزیکەی یەک مانگ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ئورمیە ئازاد کرا.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە، سووسەن حەسەنزادە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و تەنیا پەیوەندییەکی کورتماوەی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەبووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە