دێولان؛ دەستبەسەرکرانی ئازاد عەباسی مامۆستای زمانی کوردی بە مەبەستی جێبەجەکرانی سزای بەندکرانەکەی
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
ئازاد عەباسی لە چالاکانی مەدەنی، مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی و بەرپرسی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی ناحکومیی نۆژین بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای دوو ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی قوروە گواسترایەوە. ناوبراو لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر و سزای ٦ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، ئازاد عەباسی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان، لە مامۆستایانی خۆبەخشی زمانی کوردی و بەرپرسی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی ناحکومیی نۆژین دوای بانگکرانی دەستبەسەر و بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای دوو ساڵ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی قوروە گواسترایەوە.
ئازاد عەباسی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو (فێوریەی ٢٠٢٤)، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی دێولان بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی حکومەت" سزای یەک ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەر" سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان زیاترین سزا واتە سزای دوو ساڵ بەندکرانی جێبەجێ دەکرێت.
ئازاد عەباسی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و ئاخرین جار لە ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانانی ٢٧٢٣ و هاوکات لەگەڵ ساڵرۆژی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر کرابوو.
شایانی باسە کە ئازاد عەباسی لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەگەڵ براکەی بە ناوی سیرووس عەباسی دەستبەسەر و دوای سێ مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوو. ناوبراو لە کۆتاییدا لە لایەن لقی دووی دادگای تاوانەکانی دێولانەوە سزای ٦ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.