سنە؛ دەستبەسەرکرانی ئیدریس مینبەری، مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران

١٧ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ٢١:٢٣

هەنگاو؛ شەممە ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥

ئیدریس مینبەری ، چالاکی مەدەنی، مامۆستای زمانی کوردی و یەکێک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی ناحکوومی "نۆژین"، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ بەندکرانی، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥)، ئیدریس مینبەری، چالاکی مەدەنی و یەکێک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی ناحکوومی "نووژین"، پاش بانگکران لە لایەن ژووری جێبەجێکردنی حوکمەکانی دادگای سنە، دەستبەسەر و بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە.

ئیدریس مینبەری ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ ، بە وەرگرتنی ڕاگەیێندراوێک لە لایەن لقی جێبەجێکردنی حوکمە کەیفەرییەکانی دادگای سنە، بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی بانگ کرابوو و پێی ڕاگەیێندرابوو کە دەبێت ڕۆژی شەممە ١٧ی خەزەڵوەر، خۆی بەو لقە بناسێنێت.

مانگی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٢٤ ، ئیدریس مینبەری دوای هەڵوەشاندنەوەی سزای دە ساڵ بەندکرانەکەی لە لایەن دادگای پێداچوونەوە و ناردنەوەی دۆسیەکە بۆ لقی هاوتا، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی، بە تۆمەتی "پێک هێنانی گرووپ و دەستە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات" سزای یەک ساڵ بەندکران و یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی، کە بۆ ماوەی سێ ساڵ ڕاگیرابوو بەسەردا سەپا.

ئەم چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردیە، مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٢٧٢٣ ، لەگەڵ سروە پوورمحەممەدی لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە، هەریەکەیان سزای دە ساڵ بەندکرانی تەعزیرییان بەسەردا سەپێنرابوو، کە ئەم حوکمە لە لایەن دادگای پێداچوونەوەوە هەڵوەشێندرایەوە و دۆسیەکەی بۆجاری دووەم ڕەوانەی دادگای شۆڕشی سنە کرایەوە.

ئیدریس مینبەری، پێشتر لە لایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی دووی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی بەهمەن ئومێدزادە، بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" سزای یەک ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە لێدەرچوونی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەری و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان، هەروەها ٤٠ قامچیی پلە ٦ بەسەردا سەپێنرابوو.

ناوبراو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ڕۆژی یەکشەممە (٩ی ڕێبەندان)ی هەمان ساڵ، دوای ٤٣ ڕۆژ دەستبەسەری، بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردن ئازاد کرا.

شایانی باسە کە، ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧١٩، لە کاتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا هاوکات لەگەڵ دوو ئەندامی دیکەی ڕێکخراوی نۆژین دەستبەسەر کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە