پاوە؛ برینداربوونی یەکێک لە منداڵانی دەستبەسەرکراوی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە کاتی کۆڵبەری

١٧ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ٢٢:٢٩

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

سینا نادری، تەمەن ١٨ ساڵ کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە شاری پاوەدا دەستبەسەر کرابوو، لە کاتی کۆڵبەریکردن لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٧ی جولای ٢٠٢٤)، سینا نادری تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی پاوە، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە چەکدارەکان بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لەو کۆڵبەرە لاوە کردووە و ناوبراویان بریندار کردووە.

شایەنی باسە کە، سینا نادری ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٣ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، ولەحاڵێکدا کە تەنیا ١٦ ساڵی تەمەن بوو بەهۆی ڕاوەدوونانی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە سنووری نەوسوود هاوسەنگیی خۆی لەدەستدا و دوای بەربوونەوە لە بەرزاییەکان، هەر دوو دەست، سەر و ددانی بە سەختی شکابوو.

ناوبراو یەکێک لە منداڵانی دەستبەسەرکراوی ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بوو کە مانگی ڕەزبەری ٢٧٢٢ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شاری پاوە دەستبەسەر کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە