شنۆ؛ کوژران و برینداربوونی چەند کۆڵبەرێک لە ئەنجامی هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵی کۆڵبەرەکان بە چەکی ئاڕ پی جی

١٩ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٦:٠٣

هەنگاو؛ سێشەممە ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

لە ئەنجامی هێرشی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر کۆمەڵێک کۆڵبەر لە شنۆ، کۆڵبەرێک بە ناوی ڕامین مورادی ناسراو بە ڕامین شکاک کوژرا و چەند کۆڵبەرێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوون. هەر وەها، بەهۆی بەرخۆدانی کۆڵبەرەکان و سەرهەڵدانی ململانێی جەستەیی، دوو هێزی سوپای پاسدارانیش بریندار بوون. هێزەکانی سوپا بە چەکی ئاڕ پی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو کۆڵبەرانە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٩ی جوڵای ٢٠٢٤)، ڕامین شکاک، خەڵکی سەڵماس نزیک بە گوندی "تاژاندەر"ی شنۆ لە کاتی هێرشی سوپای پاسدارن بۆ ماڵی کۆڵبەرەکان کوژراوە و چەند کۆڵبەرێکی دیکەش بریندار بوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای کوژران و بریندار بوونی چەند کۆڵبەرێکتێکهەڵچوون لەنێوان هێزەکانی سوپا و کۆڵبەرەکان هاتووەتە ئاراوە و دوو پاسداریش بریندار بوون. ماڵی کۆڵبەرەکان لە کاتی هێرشی سوپای پاسداران بە چەکی ئاڕ پی جی بە تەواوی وێران بووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆڵبەرێکی بریندار، دوای شەڕێکی ٦کاتژمێری لەگەڵ سوپای پاسداران دەستبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئەسپ و هێسترەکانی کۆڵبەرەکان بە تەقەی سوپای پاسداران کوژراون و چەند ئەسپێکیش بریندار بوونە.

شایەنی باسە کە، هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی سەڵماس، ئورمیە و شارە کوردەکانی دیکە بۆ کۆڵبەری کردن لە سنوورەکانی شنۆ لە گوندەکانی دەوروبەر خانوو بە کرێ دەگرن و بۆ پشوودان کەڵکی لێ وەردەگرن.

نوێکردنەوە

بە پێی دوایین زانیارییکانی کە بە دەستی هەنگاو گەیشتووە، هێزەکانی سوپای پاسداران بە بیانووی هەبوونی هێزەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەو گوندە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو کۆڵبەرانە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە