سەردەشت؛ دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کوردی دوو ناسنامەیی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

٢٠ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٠:٢٣

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت بەناوی هادی زاهیری (شەڵماشی)، خاوەن دوو ناسنامەی ئێرانی - نۆروێژی، لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو لە وەرزشوانان و ڕاهێنەرانی یاریی لەشجوانیی وڵاتی نۆروێژە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٢ی جولای ٢٠٢٤)، هادی زاهیری، هاووڵاتیی دوو ناسنامەیی خەڵکی شاری سەردەشت و دانیشتووی وڵاتی نۆروێژ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە هادی زاهیری ئەو ڕۆژە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت بانگ کراوە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوەی لێکراوە. ناوبراو ئێوارەی هەمان ڕۆژ لەئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئەو فەرمانگەیە بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی دەستبەسەر کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی هادی زاهیری، هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعات هاوکات دەستیان بەسەر پاسپۆرتی ئەو هاووڵاتییە، هاوژین و دوو منداڵەکەیاندا گرتووە.

ئەو هاووڵاتییە دوای ١٧ ساڵ مانەوە لە نۆروێژ، مانگی ڕابردوو بەمەبەستی دیتنەوەی بنەماڵە و کەس‌وکاریان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە چووەتە تاران و لەوێوە ڕۆیشتووەتەوە بۆ زێدەکەی خۆی.

هادی زاهیری، وەکوو وەزشوانی پیشەیی لەبواری یاریی لەشجوانی و ڕاهێنەری ئەو بوارە چالاکی هەیە و تا ئێستا چەندین خەڵاتی لە پێشبڕکێ جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکاندا بەدەست هێناوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

 

ئاگادارکردنەوە

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە سەرجەم هاووڵاتییانی دوو ناسنامەیی هۆشداری دەدات کە لە سەرەتای دەستپێکی شۆڕشی ژن ژیان ئازادییەوە، ئاستی دەستبەسەرکران و داسەپاندنی سزای قورس بەسەر هاووڵاتییانی دوو ناسنامەییدا زۆر هەڵکشاوە. حکومەتی ئێران کەسانی خاوەن دوو ناسنامە بە فەرمی ناناسێت و ئەگەری ئەوەش لەئارادایە کە تەنیا بە هاووڵاتیی ئێرانییان بزانێت. ئەوە دەتوانێت ببێتە هۆی دەستبەسەرکران، دەستبەسەرداگرتنی بەڵگەکان و بەربەستی یاسایی بۆ ئەو هاووڵاتییانە. لە زۆر یەک لە حاڵەتەکان، هاووڵاتییانی دوو ناسنامەیی لەگەڵ تۆمەتی ناڕاستەقینە و بێ‌بنەمادا ڕووبەڕوو دەبنەوە کە دەبێتە هۆی دەستبەسەرکرانی درێژماوە و دادگاییکردنی نادادپەروەرانەیان. هەنگاو داوا لە هاووڵاتییانی دوو ناسنامەیی دەکات کە پێش بڕیاری گەشتکردنیان بۆ ئێران، ئاگاداری مەترسییەکانی بن و بەوردی تاوتوێی بارودۆخی یاسایی و سیاسیی ئێستا بکەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە