پاوە؛ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە کوشتنی ژنێکی دووگیان و منداڵێکی دوو ساڵانی لەلایەن هاوژینەکەیەوە

٢٠ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٥:٢٣

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

پیاوێکی دانیشتووی پاوە بە ناوی فەرشاد ئەزکات دوای تێپەڕبوونی چەند مانگ، دانی بە کوشتنی هاوژینەکەی کە دووگیان بووە، بە ناوی بەیان ئەمیری و و منداڵە دوو ساڵانەکەیدا ناوە. فەرشاد ئەزکات وتوویەتی بە هۆی نەخۆشیی منداڵاکەی و ناکۆکی لەگەڵ هاوژینەکەی، ئەو تاوانەی ئەنجام داوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پیاوێک کە پێشتر لە ڕووداوێکی هاتووچۆی ساختە و گێرانەوەی چیرۆکی درۆ، دوو منداڵی تەمەن هەفت مانگ و دوو ساڵان و هەروەها هاوژینە تەمەن ٣٦ ساڵانەکەی بە ناوی بەیان ئەمیری کوشتبوو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٢ی ئاپریلی ٢٠٢٤) فەرشاد ئەزکات، بەشێوەی ئەنقەست هاوژینە دوو گیانەکەی و منداڵە دوو ساڵانەکەی کە لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا بوون لە سەرولێژییەکدا بۆ ناو بەنداوی داریان لە پاوە، بەردەداتەوە کە دەبێتە هۆی خنکان و کوژرانیان.

بە وتەی سەرچاوەی نزیک لە بنەماڵەی بەیان ئەمیری، لە دوای ئاشکرا بوونی کوژرانی بەیان ئەمیری و دوو منداڵەکەی، سەدری شەریفی، دایکی بەیان کە خەڵکی شارۆچکەی شاهۆ سەر بە شاری ڕوانسەرە، بە بیستنی ئەم هەواڵە تووشی جەڵتەی دڵ بووە و گیانی لەدەست داوە.

هەنگاو زانیویەتی کە فەرشاد ئەزکات خەڵکی شاری مەریوان و دانیشتووی پاوە بووە و لە دوای دانپێدانانی کوشتنی هاوسەر و دوو منداڵەکەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە