توندوتیژی خێزانی؛ ڕاپۆرتێک لەسەر كوشتنی سەمیرا فەرهادی و خوشكەكەی بە ناوی سومەیە فەرهادی، لە لایەن هاوژینەكەیەوە لە كرماشان

٤ جۆزەردان ٢٧٢٥، ٢٣:١٣

هەنگاو؛ یەكشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٥

پیاوێک لە كرماشان بە بەكارهێنانی چەكی گەرم هەوڵی كوشتنی هاوژینەكەی و دوو ژنخوشكەكەی داوە و دواتر هەر بەو چەكە خۆی كوشتووە، بیانووی تاوانبار لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە، “كێشەی خێزانی” بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەیانی ڕۆژی هەینی ٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (٢٣ی مەی ٢٠٢٥)، پیاوێكی تەمەن ٢٩ ساڵ بە ناوی ئەشكان هیمەتی لە شەهرەكی كەراچیی كرماشان بە كەڵكوەرگرتن لە چەكی كۆڵت، هاوژین و ژنخوشكەكەی بە ناوەكانی سەمیرا فەرهادی تەمەن ٢٥ ساڵ و سومەیە فەرهادی كوشتووە.

لە ئەنجامی ئەم هەوڵە توندوتیژانەی بكوژ، هاوژینەكەی یەكجێ گیانی لە دەست داوە و دوو ژنخوشكەكەی بە ناوەكانی سومەیە فەرهادی و زارا فەرهادی كە بە توندی بریندار ببوون بۆ نەخۆشخانە گواسترابوونەوە. سومەیە فەرهادی تەمەن ١٧ ساڵ دوو ڕۆژ دوای ڕوودانی ڕووداوەكە لە ناوەندی دەرمانی گیانی لە دەست دا.

هەروەها خوشكی سێهەمی بنەماڵە بە ناوی زارا فەرهادی كە چاوی بە قووڵی بریندار ببوو و زیانی بەركەوتبوو، نەشتەرگەریی بۆ كراوە و چاویان دەر هێناوە. بارودۆخی جەستەیی ناوبراو دژوار ڕاگەیێندراوە و تا ئێستا لە ژێر چاوەدێری تایبەتی پزیشكی دایە.

بە وتەی یەكێک لە نزیكانی ئەم بنەماڵەیە، بكوژ دوای هاتنە ژوورەوە بۆ ماڵی خەزووری سەرەتا تەقەی لە ژنخوشكەكەی، سومەیە فەرهادی، كردووە سومەیە بە ناوبراوی وتبوو “بە بۆنەی منداڵەكانت سەمیرا مەكووژە”، بەڵام بكوژ بێ ڕاوەستان تەقەی لێ كردووەو دواتر هاوژینەكەی سەمیرای كوشتووە و دواتر تەقەی لە ژنخوشكەكەی دیكەی كردووە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند، بكوژ  كە خاوەن بڕوانامەی كارناسی یاسا بووە دوو مانگ پێشتر نیازی ئەنجامدانی ئەم كوشتنانەی بووە و تەنانەت وتبووی:”كەلوپەلەكانی ماڵ ئەفرۆشم و هەموویان ئەكووژم”. ناوبراو كەلوپەلی ماڵەكەی خۆی پێش ڕوودانی ئەم تاوانە فرۆشتبوو.

بكوژ دوای ئەنجامدانی ئەم جینایەتە، بە تەقەكردن لە ژێر ملی خۆی هەوڵی خۆكوژی دابوو و سەرەڕای ئەوەیكە بۆ نەخۆشخانە گواسترابوویەوە، گیانی لە دەست دابوو.

شایانی باسە كە، بكوژ و هاوژینەكەی كە دوو منداڵی سێ و پێنج ساڵەیان هەبووە،  ماوەی نۆ مانگ پێش ناكۆكیان بووە و هەر بەم هۆیەوە هاوژینەكەی گەڕابوویەوە ماڵی دایك و باوكی.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە