جوانڕۆ؛ مێهری عەبدولقادری و کوڕەکەی لە لایەن هاوژینەکەی بە تیزاو هێرشیان کرایە سەر

٧ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ١٩:٠٨

هەنگاو؛ شەممە ۷ی پووشپەڕی ۲۷۲۵

ژنێک بەناوی مێهری عەبدولقادری لە شاری جوانڕۆ سەر بە پارێزگای کرماشان، لە لایەن هاوژینەکەی و لە پێش چاوانی منداڵە هەشت ساڵانەکەی بە تیزاو هێرشی کراوەتە سەر و بینایی چاوێکی خۆی لەدەست داوە. ناوبراو ئێستا لە نەخۆشخانەی گوڵستانی کرماشان خەوێندراوە و بارودۆخی بە ناجێگیر ڕاگەیێندراوە. شایەنی باسە کە منداڵەکەش لەو ڕووداوەدا تیزاوی پێدا کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر هەشتی بەیانی ڕۆژی سێشەممە ۲۷ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۱۷ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، مێهری عەبدولقادری، تەمەن ۲۵ ساڵ و خەڵکی شاری جوانڕۆ لە لایەن هاوژینەکەی "یاوەر ساڵحی" بە ئەسید تیزاو کرایە سەری و دموچاو، مل، سەر و دەستی بەسەختی سووتێندرا. ئەو ڕووداوە لەبەر چاوی منداڵە تەمەن هەشت ساڵەکەیان پێش هاتووە کە لە لایەن باوکییەوە ئەسید بەسەر دەستیدا کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تۆمەتبار هاوژین و منداڵەکەی بردووەتە دەرەوەی شار و لە کاتی هەوڵی منداڵەکەیان بەمەبەستی ڕیگری لەو ڕووداوە سەرەتا ئەسیدی بەسەر دەستی ئەودا کردووە پاشان بە تیزاو هێرشی کردووەتە سەر هاوژینەکەی.

ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە، مێهری عەبدولقادری بەهۆی کێشە لەگەڵ هاوژینەکەی گەڕابۆوە بۆ ماڵی دایکوبابی و پاش نێوەندگیریی خزمەکانیان بە گەرەنتی ئەوان قەبوڵی کردبوو بگەڕێتەوە ماڵەوە کە هەمان کاتژمێرە سەرەتاییەکانی گەڕانەوەی بە تیزاو هێرشی کراوەتە سەر.

مێهری عەبدولقادری لەدوای ئەو ڕووداوە بە سەختی بریندار بووە و بینایی چاوێکی لەدەست داوە، ناوبراو لەگەڵ کوڕەکەی بۆ نەخۆشخانەی گوڵستانی کرماشان گواستراوەتەوە و بارودۆخی ناجێگیرە.

شایەنی باسە کە، سەرەڕای تێپەڕبوونی ۱۲ ڕۆژ لەو ڕووداوە و تۆمارکردنی سکاڵای فەرمی لە لایەن بنەماڵەی قوربانی کردەوەیەک بەمەبەستی دەستبەسەرکرانی یاوەر ساڵحی ئەنجام نەدراوە و بە ئازادی لەنێو شاردا هاتووچۆ دەکات.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە