توندوتیژی خێزانی؛ ڕاپۆرتێک لەسەر كوشتنی سێ ئەندامی بنەماڵەیە لەوانە دوو ژن لە لایەن پیاوێكەوە لە كرماشان

هەنگاو؛ شەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٥
پیاوێك بە ناوی محەممەد محەممەدی لە كرماشان بە بەكارهێنانی چەكی گەرم هاوژین، خەسووی و كوڕەكەی كوشت و دواتر هەر بەو چەكە، هەوڵی خۆ كوشتنی دا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مڕۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ (١ی مەی ٢٠٢٥)، پیاوێک بە ناوی محەممەد محەممەدی خەڵكی كرماشان لە گەڕەكی فەرهەنگیانی ئەم شارە بە چەكی كۆڵت هاوسەرەكەی بە ناوی بەتوول محەممەدی و خەسووی بە ناوی فاتمە محەممەدی و یەكێك لە كوڕەكانی خۆی بە ناوی سامان محەممەدی كوشتووە.
ئەم كەسە دوای كوشتنی سێ كەس لە ئەندامانی بنەماڵەكەی و برینداركردنی بووكەكەی و كورە ١٨ ساڵانەكەی لە گەڕەكی ئەربابی و شوێنێ پێشانگای ئۆتۆمبێلی خۆی هەر بەو چەكە تەقەی لە سەری خۆی كردووە و گیانی لە دەست داوە.
بیانووی ئەم كەسە لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە تا ئێستا ناڕوون ماوەتەوە.