پیرانشار؛ دەستبەسەرکرانی ئیسماعیل مەعرووفی مامۆستای خانەنشین

٢١ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٠:٥٤

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

ئیسماعیل مەعرووفی مامۆستای خانەنشینی خەڵکی پیرانشار بە ٣٠ ساڵ پێشینەی خزمەت، بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی سێشەممە ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٩ی جولای ٢٠٢٤) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار بە هێرش کردنە سەر ماڵی ئیسماعیل مەعرووفی دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی ئەم مامۆستا بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بێڕێزی کردن بە ئەندامانی بنەماڵەی ڕووی داوە و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە سەر مۆبایلەکەیدا گرتووە.

تا کاتی نووسینەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵی و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئیسماعیل مەعرووفی لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی هیچ ئاکامێکی نەبووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە