بەندیخانەی نەغەدە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین دۆخی ئالان حکمەتیڕاد، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد
هەنگاو؛ هەینی ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
ئالان حکمەتیڕاد، هاووڵاتیی کورد و مامۆستای زمانی ئینگلیزیی خەڵکی مەهاباد، کە خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، دوای سەپاندنی بڕیاری دەستبەسەرکردنی کاتی بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئالان حکمەتیڕاد ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٧ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری مەهاباد و بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کراوە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکوومەتییەکان دوای دەستبەسەرکردنی ناوبراو، گواستوویانەتەوە بۆ ماڵی بنەماڵەییەکەی و وێڕای پشکنینی شوێنی نیشتەجێبوونی، دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانی خۆی و بنەماڵەکەیدا وەکوو لاپتۆپ، هارد و کتێبەکانی گرتووە.
ئالان حکمەتیڕاد دوای تێپەڕاندنی ماوەیەک لە یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئورمیە، لەم دواییانەدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گوازراوەتەوە. بە تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکرانیدا، ناوبراو هێشتا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو بێبەش کراوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر جۆری تۆمەتەکان و هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم مامۆستای زمانی ئینگلیزییە لەلایەن ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکانەوە ڕانەگەیەندراوە.