مەهاباد؛ دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

٢١ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١١:٥٨

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

عەلی دانش و قاسم چۆمەڵانی، دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١١ی جولای ٢٠٢٤)، عەلی دانش، خەڵکی مەهاباد بە هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و شکاندنی دەرگای ماڵەکەی دەستبەسەر کرا.

هەروەها، نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی پووشپەڕ، قاسم چۆمەڵانی (هەڵۆ)، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی مەهاباد لە کاتی گەڕانەوەی لە بۆکان و لە شوێنێک بە ناوی "کلکی بەگزادان" لە نزیکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەستبەسەری، شوێنی ڕاگیران و هەروەها تۆمەتی وەپاڵدراو بۆ سەر ئەم دوو هاووڵاتییە، زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە