پیرانشار؛ دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

٢١ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٥:٤٨

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

هاووڵاتییەکی کورد بەناوی محەممەد خالید ڕەسووڵزادە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٩ی جولای ٢٠٢٤)، محەممەد خالید ڕەسووڵزادە، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "توانێ" و دانیشتووی "بندرە" سەر بە شاری پیرانشار لەلایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، چەند ماشین لە هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری ئەو هاووڵاتییە و بەبێ نیشاندانی هیچ چەشنە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەریان کردووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە، هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە