پیرانشار؛ دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکرانەکەیان

٢٤ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٠:٤٦

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

عوسمان دڵسۆز تەمەن ٦٦ ساڵ و برازاکەی بەناوی هەژار دڵسۆز (عەبدولڕەحیم) خەڵکی پیرانشار، کە لەم دواییانەدا لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر یەک سزای دوو ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکرانەکەیان دەستبەسەر کران و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١٣ی جولای ٢٠٢٤)، عوسمان دڵسۆز تەمەن ٦٦ ساڵ و هەژار دڵسۆز تەمەن ٣٠ ساڵ دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی شاری پیرانشار دەستبەسەر کران و بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای دوو ساڵ بەندکرانەکەیان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترانەوە.

عوسمان دڵسۆز و هەژار دڵسۆز لەگەڵ هاووڵاتییەک بەناوی ئاکام خزرزادە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لە دۆسیەیەکی هاوبەش لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی پیرانشار بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" هەر یەک سزای دوو ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو.

عوسمان دڵسۆز، هەژار دڵسۆز و ئاکام خزرزادە، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و دوای دوو مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی قورس و هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانە ئازاد کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە