پیرانشار؛ دەستبەسەرکرانی ئەحەد مەحمود حەسەن بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران
هەنگاو؛ دووشەممە ٣ی بەفرانباری ٢٧٢٤
ئەحەد مەحموود حەسەن (حەوتەوانە) هاووڵاتیی کورد و خەڵکی پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ بەندکران دەستبەسەر و گواسترایەوە بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٢١ی دیسەمبەری ٢٠٢٤) ئەحەد مەحموود حەسەن، هاووڵاتی خەڵکی گوندی «کێلە سپیان» سەر بە شاری پیرانشار بە مەبەستی خێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە کرا.
هەنگاو؛ زانیویەتی ئەم هاووڵاتییە لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە دادوەری قازی «مەحموودی» بە تۆمەتی ئەندامەتی لە «حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەحەد مەحموود حەسەن، سێ ساڵ پێشتر لەلایەن دادگای کەیفەری پیرانشارەوە بە هەمان تۆمەت سزای شەش مانگی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەم هاووڵاتییە ١٥ی بانەمەڕی ساڵی ٢٧٢٠ ی کورد، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و دوای ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەر و بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
شایانی باسە، ئەم بەندکراوە سیاسییە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی خۆی لە ژووری تاکەکەسی و بە بێ هەبوونی مافی دیتنی بنەماڵە و هەبوونی پارێزەر، تێپەر کردووە.