دەستبەسەرکرانی محەممەدئەمین محەممەدی هاووڵاتی تەمەن ٦١ ساڵ بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی

٢٣ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٢٢:٣٩

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

محەممەدئەمین محەممەدی، هاووڵاتیی تەمەن ٦١ ساڵە و خەڵکی شاری پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای دوو ساڵ بەندکرانی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی جۆزردانی ٢٧٢٤ (١٠ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، محەممەدئەمین محەممەدی ناسراو بە مینەی مەلا بایزی، خەڵکی گوندی "تەمەرچین" سەر بە شاری پیرانشار، دەستبەسەر کراو بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە گواسترایەوە.

محەممەدئەمین محەممەدی، پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی پیرانشارەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" بە دوو ساڵ بەندکران سزا درابوو و ئەم سزایەش لە کۆتاییدا لەلایەن دادگای پێداچوونەوە پەسەند کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی دووشەممە ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٤ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە بەکارهێنانی تووندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ئورمیە گواسترایەوە.

ناوبراو دوای تێپەڕکردنی ٧٥ ڕۆژ دەستبەسەر بوون و لێپرسینەوە، لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی هاتنی دادگایەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە